ترەمپ: نازانم بەم نزیکانە لەگەڵ ئێران رێکدەکەوین یان نا
سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: ئەگەر ئێران لە نزیکترین کاتدا لەگەڵمان رێکنەکەوێت، ئەوا رووبەڕووی چارەنووسێکی زۆر سەخت و دژوار دەبێتەوە.
شەممە، 16ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (BFM)ـی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کرد،" ئێرانییەکان ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتن دەکەن، بەڵام نازانم ئایا بەم نزیکانە لەگەڵیان رێکدەکەوین یان نا".
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، رێککەوتن بۆ ئێران باشترە، ئەگینا رووبەڕووی چارەنووسێکی سەخت و دژوار دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، واشنتن پەیامی بۆ تاران ناردووە و ئارەزووی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان دەربڕیوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هیوادارین عەقڵ و لۆژیک بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی.
ئەم هەڵوێستانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی گرژییەکان لە گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، هەروەها داخستنی گەرووی هورمزیش یەکێکە لە هەڵوێستە نەگۆڕەکانی ئێران کە تیایدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامادە نییە ئەو گەرووە رادەستی هیچ هێز و وڵاتێکی دیکە بکات.
لە بەرانبەردا واشنتن پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی ئەو گەرووە و یۆرانیۆمی پیتێنراوی تاران، هەر بۆیە سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، هەروولایەن بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکتر بە شکاندی ئاگربەست، هاوکات پەیامە هەڕشە ئامێزەکانیان لە دژی یەکدی بەردەوامە.