کۆشکی سپی وێنەیەکی ترەمپ هاوشێوەی جەیمس بۆند بڵاودەکاتەوە

ترەمپ ئاماژە بە نزیکبوونەوەی هێرش بۆ سەر ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، هەژماری فەرمی کۆشکی سپی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردەوە، تێیدا وەک کەسایەتی سینەمایی جەیمس بۆند و لەژێر ناوی "بریکاری 007" دەردەکەوێت، وێنەکە بە دروشمی "بۆ ئەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە مەزن بکەینەوە" هاوپێچ کراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم وێنەیە، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی جووڵەی سەربازی نوێ دژی ئێران کرد و نووسیویەتی: "هێمنی پێش زریان". ترەمپ وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە، زریانێکی گەورە و چەندین کەشتی جەنگی لە پشتەوە دەردەکەون، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی لێکدراوەتەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "بی ئێف ئێم"ی فەرەنسی رایگەیاندووە؛ ئەگەر ئێران نەگاتە رێککەوتن، رووبەڕووی کاتێکی زۆر خراپ دەبێتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێرانییەکان خوازیاری رێککەوتنن، بەڵام ئەو هێشتا دڵنیا نییە رێککەوتن دەکرێت یان نا، گوتیشی: "ئەگەر رستەی یەکەمی پێشنیازەکەی ئێرانییەکانم بەدڵ نەبێت، فڕێی دەدەمە ناو تەنەکەی خۆڵەوە؛ تاران یان دەگاتە رێککەوتن یان تێکدەشکێندرێت".

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاریی چڕ دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران،  ئەگەر هەیە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات.

پێت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا جەختی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی "پلانی پەرەپێدانی هێرشەکانی هەیە ئەگەر پێویست بکات"، ئاماژەی بەوەش کرد ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانئامێز" کە مانگی رابردوو راگیرا، ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان، بژاردەکان بریتین لە هێرشی ئاسمانی چڕ بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران و ژێرخانی سەربازی ئێران، هەروەها سیناریۆی ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناوخۆی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە ئەتۆمییەکان، بەتایبەتی لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهان.