بەریتانیا دژە درۆنێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە
حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاند؛ سیستەمێکی نوێی چەکی دژە درۆنی بە تێچوویەکی کەم لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردووەتەوە. ئەم درۆنە لە رێگەی تێکەڵکردنی سیستەمێکی نوێی چەک لەسەر فڕۆکەکانی "تایفۆن" ئەنجامدراوە، کە رێگە دەدات ئامانجەکان بە وردییەکی بەرز و بە تێچوویەکی زۆر کەمتر لە مووشەکی دیکە تێکبشکێنرێن.
ئەم هەنگاوەی بەریتانیا لە چوارچێوەی ئەرکێکی بەرگریی فرەنەتەوەییدایە بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی حکوومی کە ئاژانسی ڕۆیتەرز گواستوویەتییەوە، بەریتانیا بە درۆن، فڕۆکەی جەنگی، ئامێری خۆکار بۆ دۆزینەوەی مین و تێکشکێنەری جەنگی "دراگۆن" بەشداری لەم ئەرکەدا دەکات.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەم ئەرکە بەرگرییە پاڵپشتیکراوە بە بودجەیەکی نوێ بە بڕی 115 ملیۆن پاوەند بۆ درۆنەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی مین و سیستەمەکانی دژە درۆن.
جۆن هیڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، لەم بارەیەوە گوتی: "ئەم ئەرکە فرەنەتەوەییە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، ئەرکێکی بەرگری، سەربەخۆ و خاوەن متمانە دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە لەندەن و پاریس کۆبوونەوەیەکی فرەنەتەوەیی بۆ وەزیرانی بەرگری ڕێکبخەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانە سەربازییەکان بۆ گەڕاندنەوەی جووڵەی بازرگانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە. پێشتر فەرەنسا کەشتی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل" و بەریتانیاش تێکشکێنەری "HMS Dragon"یان بۆ ناوچەکە ڕەوانە کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند؛ بڵاوکردنەوەی کەشتی "دراگۆن" لە چوارچێوەی پلاندانانی خۆپارێزی دایە بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی بەریتانیا بۆ پاراستنی گەرووەکە کاتێک بارودۆخەکە رێگە بدات، جگە لە بەهێزکردنی متمانەی جووڵەی بازرگانی و پشتگیریکردنی هەوڵەکانی پاککردنەوەی مین.