هیندستان هەڕەشەی سڕینەوەی پاکستان دەکات

جەنەراڵ ئۆپیندرا دویڤێدی، فەرماندەی سوپای هیندستان، هۆشدارییەکی توند و بێپێشینەی ئاراستەی ئیسلام ئاباد کرد و رایگەیاند؛ ئەگەر پاکستان بەردەوام بێت لە داڵدەدانی تیرۆریستان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی هیندستان، دەبێت بڕیار بدات ئایا دەیەوێت وەک وڵاتێک لەسەر نەخشەی جوگرافیا بمێنێتەوە یان تەنیا ببێتە لاپەڕەیەک لە لاپەڕەکانی مێژوو.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "برێس تەرەست ئۆف ئیندیا"، ئەم لێدوانانەی دویڤێدی لە میانی بەشداریکردنی بوو لە کۆڕبەندێکی دیالۆگ لە ژێر ناوی "یونیفۆرم ئەنفێڵد" کە لە ناوەندیی مانیکشۆ لە نیودەلهی پایتەخت بەڕێوەچوو. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پرسیارێک سەبارەت بەوەی سوپای هیندستان چۆن مامەڵە دەکات ئەگەر بارودۆخێک هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی "سیندور"ی ساڵی رابردوو دووبارە ببێتەوە.

فەرماندەی سوپای هیندستان گوتی: "بە روونی دەیڵێم، ئەگەر پاکستان بەردەوام بێت لە داڵدەدانی تیرۆریستان و کارکردن دژی هیندستان، دەبێت لە نێوان مانەوە وەک بەشێک لە جوگرافیا یان بوون بە بەشێک لە مێژوو (لەناوچوون)، یەکێکیان هەڵبژێرن."

ئەم لێدوانە توندانە تەنیا چەند رۆژێک دوای یەکەم ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی "سیندور" دێت، سوپای هیندستان وەک وەڵامێک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەی ناوچەی "پاهالگام" لە 7ـی ئایاری ساڵی رابردوو دەستیپێکرد. لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی هیندستان گورزی وردیان لە ژێرخانی گروپە چەکدارییەکان لە ناو خاکی پاکستان و هەرێمی کشمیر وەشاند.

ساڵی رابردوو پێکدادانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە ئەتۆمییە بۆ ماوەی 88 کاتژمێر بەردەوام بوو، تێیدا پاکستان هێرشی پێچەوانەی ئەنجامدا، بەڵام هیندستان بەردەوام بوو لە وەڵامدانەوەکانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "سیندور"دا، تا دواجار لە 10ـی ئایاردا لە رێگەی لێکتێگەیشتنی هەردوولاوە شەڕەکە راگیرا.

چاودێران پێیان وایە ئەم پەیامە متمانەبەخۆبوونی سوپای هیندستان و سووربوونی وڵاتەکە نیشان دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە سنوورەکانی تێپەڕێنێت.