زۆرینەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاسایی بووەتەوە
لە دوای ئاگربەستی جەنگیی ئێران و ئاساییبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە 750 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەنجامدراوە و چەند هێلێکی ئاسمانیش هێشتا گەشتەکانیان دەست پێ نەکردووەتەوە.
ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: " لە دوای جەنگیی ئێران، لەوەتەی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئاسایی بووەتەوە، 758 گەشتی هەردوو ئاراستەی چوون و هاتن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراوە".
گوتیشی "گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی هەولێر و چەندین وڵات و شار بەتەواوی ئاسایی بوونەتەوە، لەوانە: قەتەر، ئیستانبوڵ، ئەنقەرە، دوبەی، شارقە، لوبنان، سووریا، عەممان، ئێران، ئەڵمانیا و میسر، هاوکات گەشتە ناوخۆییەکانیش بۆ هەر یەک لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و بەسرە بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، چەند هێڵێکی ئاسمانی هێشتا گەشتەکانیان ئاسایی نەکردووەتەوە، لەوانە: یورۆ وینگزی ئەڵمانی، ئۆستریان ئەیرلاینزی نەمساوی و هێڵی ئاسمانیی یۆنانی.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی ئاساییبوونەوەی گەشتەکانی ئەو سێ هێڵە و کاتی دەستپێکردنەوەیان، ئەحمەد وشیار گوتی "تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو یان زانیارییەکی نوێمان پێنەگەیشتووە".
پێشتر رۆژی چوارشەممە 08ی نیسانی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، رایگەیاند؛ دوای بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی عێراق بۆ گەشتە ئاسمانییەکان، سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەوەشی خستە روو، لە نزیکترین کاتدا لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، پێشوازی و بەڕێکردنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێدەکاتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت لە 28ی شوباتی رابردووەوە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران، ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر بەکاردەهێنرا. بەو هۆیەوە بڕیاری راگرتنی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی فڕۆکەخانەکان بە رووی گەشتیاراندا بۆ پاراستنی سەلامەتییان درابوو.
ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی زیاتر لە 38 رۆژ بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا ئاسمانی عێراق لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەوە بەکاردەهێنرا و بەو هۆیەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشێنرانەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ساڵی 2003 دامەزرا و یەکەم گەشتی بازرگانی لە 15ـی کانوونی دووەمی 2003 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر نیشتەوە، بەڵام لە 29ـی نیسانی 2005 بە فەرمی کرایەوە و لە 26ـی ئایاری 2005 کۆدی ICAO (ORER) ی وەرگرت.
فڕگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، درێژی 4800 مەتر و پانی 75 مەترە، لە ریزی 10 درێژترین فڕگەی فڕینی جیهاندایە. تێرمیناڵی گەشتیارەکان توانای خزمەتکردنی 4500000 هەزار گەشتیاری هەیە لە ساڵێکدا. هەروەها لاونجێکی CIP هەیە بۆ گەشتیارە پلە یەک و بازرگانەکان بۆ ئەوەی گەشتێکی ئاسوودە ئەزموون بکەن. جگە لەوەش، تێرمیناڵی تایبەتی VIP هەیە بۆ خزمەتکردنی کەسایەتییە بەرز و دیپلۆماسییەکان. هەروەها فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەربیل بینای تێرمیناڵێکی بارهەڵگریش لەخو دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا خزمەتی 18 ملیۆن گەشتیاری کردووە، 206 هەزار و 360 جوڵەی فڕۆکەی بۆ 270 شوێنی مەبەست هەبووە.
ئێستا نزیکەی 20 هێڵی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشکەش دەکەن بۆ چەندین شوێن لەوانە بەغدا، بەسرە، نەجەف، دوبەی، دۆحە، شاریقە، قاهیرە، تاران، جەددە، مەدینە، کوەیت، بەیروت، عەممان، ئیستانبوڵ، ترابزۆن، ئەنقەرە ، حەلەب، هانۆڤەر، ڤیەننا، فرانکفۆرت، دوسلدۆرف، کۆپنهاگن، بەرلین، میونشن، کۆڵن، ئەمستردام، باکۆ، تبلیسی و هتد.
لەکاتی شەڕی دژ بە (داعش) فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رۆڵی گەورەی هەبوو لە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ فڕۆکەوانی سەربازی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان.