گەرمایەکی بێپێشینە ژیانی ملیۆنان کەسی خستووەتە مەترسییەوە
شەپۆلێکی گەرمای توند و درێژخایەن ملیۆنان کەسی لە پاکستان و هیندستان دووچاری سەختی کردووە و پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە 46 پلەی سیلیزییان تێپەڕاندووە. شارەزایانی کەشوهەواش هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە قەیرانی گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە.
لە باشووری پاکستان و لە ماوەی مانگی نیسان و ئایاردا، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە. لە هەرێمی سیند، پلەی گەرما لە کاتژمێرەکانی رۆژدا گەیشتووەتە 44 بۆ 46 پلەی سیلیزی، ئەمەش وایکردووە دانیشتووان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و کارکردن لە کێڵگەکان و کەرتی گواستنەوە بەتەواوی پەک بکەوێت.
هاوکات، هیندستانیش رووبەڕووی هەمان شەپۆل بووەتەوە، بەتایبەت لە ویلایەتەکانی راجستان، گوجارات و ماهاراشترا، کە پلەکانی گەرما لە چەندین شاردا 45 پلەی تێپەڕاندووە. دەسەڵاتداران هۆشدارییان لە مەترسییە تەندروستییەکان و فشار بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا داوە.
لە شاری کراچی پاکستان، کە بەوە ناسراوە هەوای دەریا پلەی گەرماکەی دادەبەزێنێت، پلەی گەرما گەیشتووەتە 44.1 پلە، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی 2018وە تۆمارکرابێت. کەشناسی پاکستان هۆشداری دەدات کە رەنگە رۆژانی گەرمتر لە پێش بن.
کاریگەرییەکانی ئەم گەرمایە لە ناوچە کەناراوەکانی کراچی خراپتر بووە، چونکە بڕانی کارەبا و کەمیی ئاو دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. دکتۆر سورێش کومار، بەرپرسی بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی حکوومیی ئیبراهیم حەیدەری رایگەیاند، ژمارەی ئەو منداڵانەی رۆژانە بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرماوە سەردانیان دەکەن، لە 60 منداڵەوە بۆ زیاتر لە 200 منداڵ بەرزبووەتەوە.
شارەزایانی گرووپی (World Weather Attribution) ئاشکرایان کردووە کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە، ئەگەری روودانی ئەم جۆرە شەپۆلە گەرمایانەی 3 هێندە زیاد کردووە. یاسر دەریا، دامەزرێنەری سەنتەری کارای کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکات، شێی زۆری کراچی وایکردووە پلەی گەرمای خوار 40 پلەش بە زۆر زیاتر هەستی پێبکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کەشناسی، تێکڕای پلەی گەرما لە ناوچەکەدا بە رێژەی 1.4 پلە و لە هەرێمی سیند بە رێژەی 1.7 پلە لە چەند دەیەی رابردوودا بەرزبووەتەوە. شارەزایان داوای رێکاری بەپەلە دەکەن، وەک دروستکردنی سەنتەری فێنککەرەوەی گشتی، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و چاندنی دار لە شارەکاندا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرما.