زیانەکانی لوبنان بەهۆی شەڕەوە 25 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

باسم بواب، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا لوبنانییەکان رایگەیاند، زیانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی شەڕ لە ساڵی 2024ـەوە تاوەکو ئێستا، بە زیاتر لە 25 بۆ 26 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن.

یەکشەممە 16ـی ئایاری 2026، باسم بواب، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا لوبنانییەکان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلدەیار"ی لوبنانی رایگەیاند، زیانەکانی لوبنان بە هۆی شەڕەوە لە ساڵی 2024ـەوە تاوەکو ئێستا، بە زیاتر لە 25 بۆ 26 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن، ئەگەریش شەڕ بەردەوام بێت ئەو زیانانە زیاتر دەبن، گوتیشی: "رۆژانە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار زیانی ناڕاستەوخۆ بەر ئابووری لوبنان دەکەوێت، ئەمە جگە لەو زیانە راستەوخۆیانەی بەر خانوو، دامەزراوە و ژێرخانەکان دەکەون".

باسی لەوەش کرد، کۆچبەرانی لوبنانی لە دەرەوە وەک سییەکانی لوبنان وان، بەڵام ئێستا رۆڵیان پەکیکەوتووە، ئەگەر هاوکاری دارایی لە دەرەوە نەیەت، لوبنان تووشی کارەسات دەبێت، گوتیشی: "ئێستا هیچ رێگەیەکمان لەبەردەم نەماوە تەنیا پەنابردن بۆ هاوکاری دەوڵەتان و سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی نەبێت، چونکە بۆ هەستانەوەی وڵاتەکەمان پێویستمان بە نزیکەی 25 ملیار دۆلارە".

سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا لوبنانییەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی کە ئاستی هاوکارییەکان بۆ لوبنان لەم شەڕەدا زۆر کەمە و تەنیا 15%ـی ئەو هاوکارییانەیە کە لە شەڕەکانی پێشتردا دەگەیشتنە وڵاتەکە، لەکاتێکدا لە شەڕی رابردوودا هاوکارییەکی زۆر لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و بەتایبەت فەڕەنساوە پێشکەش دەکرا.

شەڕی حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پەرەسەندی زیاتری بەخۆوە بینی و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە زیاتربوون، دواتر لە دوای راگەیاندی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئاگربەستی لوبنان و ئیسرائیلیش راگەیندرا.

 ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حکوومەتی لوبنان

رۆژی هەینی، 20ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستێکی بۆ ماوەی 10 رۆژ لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا راگەیاند. ئامانج لەم هەنگاوەی ترەمپ وەستاندنی کاتیی گرژییەکان و رەخساندنی دەرفەتێک بوو بۆ دانوستانی دیپلۆماسی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە لێقەوماوان.

راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل دێت لە واشنتن؛ ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بوو لە دوای چەندین دەیە، چونکە لە رووی یاساییەوە لە ساڵی 1948ـەوە ئەو دوو وڵاتە لە باری جەنگدان.

بەشداریی حزبوڵڵای لوبنانی لە جەنگی ئێران

دوای ئەوەی لە 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئێران و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیان کوشت، حزبوڵڵای لوبنانی لە 2ی ئاداری 2026 بە فەرمی چووە ناو جەنگەکەوە. 

 حزبوڵڵا وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی خامنەیی و بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران، دەستی بە هێرشی چڕ کرد و سەدان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل (بەتایبەت پێگە سەربازییەکانی نزیک حەیفا) کرد.

 تەنها لە مانگی ئاداری 2026دا، حزبوڵڵا و ئێران پێکەوە زیاتر لە 850 هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردە سەر ئیسرائیل. لە هەمان کاتدا حووسییەکانی یەمەنیش رایانگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بە هەماهەنگیی راستەوخۆ بووە لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا.

کاردانەوەی ئیسرائیل

 بەهۆی ئەم بەشدارییەی حزبوڵڵاوە، سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی چڕی کردە سەر بەیرووت، دۆڵی بیقاع و باشووری لوبنان. پاشان لە 16ی ئاداری 2026، هێزە زەمینییەکانی ئیسرائیل چوونە ناو خاکی باشووری لوبنانەوە و پێکدادانی زەمینیی توند لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵڵا روویدا، کە کوژرانی دەیان سەرباز و چەکداری لێکەوتەوە.

کاردانەوەی حکوومەتی لوبنان

 بەشداریکردنی حزبوڵڵا لەم جەنگەدا بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی لە لوبنان. حکوومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتیی نەواف سەلام، فەرمانی دا بە وەستاندنی سەرجەم چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا. هەروەها بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان باڵیۆزی نوێی ئێرانی وەک "کەسی نەویستراو" ناساند و بڕیاری دەرکردنی دا لە وڵات، ئەمەش لەلایەن حزبوڵڵاوە سەرکۆنە کرا و بە "هەڵەیەکی نیشتمانی و ستراتیژی" وەسف کرا.

ئەم جەنگە بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی گەورە لە لوبنان؛ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس (کە دەکاتە 20٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە) ئاوارەبوون و سەدان مەدەنی و چەکدار گیانیان لەدەستداوە.