کوڕێکی تەمەن 17 ساڵان لە چاکسازی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی خۆی کوشت
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی، کوڕێکی تەمەن 17 ساڵان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە،17ـی ئایاری 2026، لە چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی، مێردمنداڵیکی تەمەن 17 ساڵان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
گوتیشی ئەو کوڕە سزادراو نەبووە، بەڵکو راگیراوبووە و تۆمەتی دزی لەسەر بووە، ئاماژەی بەوەشكرد، کوڕەکە تاوەکو کاتژمێر 3ـی شەو هیچ کێشەیەکی نەبووە و لە ساڵی 2023ـوە چەند جارێک دەستگیرکراوە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەروەها رایگەیاند، کوڕەکە خەڵکی سلێمانییە و ناوی دارویش محەمەد حەکیمە و چەند جارێکی دیکە بە ماددەی جیا دەستگیرکراوە و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراوە، گوتیشی، هەر ئەمڕۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکانی سەر بە وەزارەتەکەی پێکهێندراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24ـیش ئەو مێردمنداڵە کاتژمێر 3:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەرماوی چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و لە 28/4/2026 بە ماددەی 446 راگیرابوو.