سیڤینا جان: هەر گۆرانییەک بۆ من بەشێکە لە یادەوەریی کوردستان

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، سیڤینا جان، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی کارە هونەرییەکانی و باس لە نوێترین پڕۆژەی خۆی دەکات.

سیڤینا جان دەڵێت، "من لە گۆرانییەکانم دا زیاتر پشت بە فۆلکلۆری کوردی دەبەستم؛ ئەو ستایلەی کە تێیدا دەنگی شمشاڵ، تەمبۆر و دەف، لەگەڵ چیرۆکی خەڵک و ژیان تێکەڵ دەبن."

سیڤینا جان، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی ئەزموونی کارە هونەرییەکانی بە کوردستان24ی گوت، "من زیاتر لە 10 ساڵە لە بەریتانیا دەژیم، لەو ماوەیەدا، هونەر بۆ من تەنیا پیشە نەبووە، بەڵکو رێگەیەک بووە بۆ بەستنەوەی مرۆڤ بە خاک و ناسنامەکەی. من نموونەی هونەرمەندێکم کە لە دووری وڵاتیشدا دەنگی کوردستانم لەگەڵ خۆم دا هەڵگرتووە؛ دەنگێک کە لەنێوان یادەوەری، خەبات و خۆشەویستیی خاکدا، بەردەوامم لە گوتنەوەی چیرۆکی کورد. هەروەها من بەشداریم لە ژمارەیەکی زۆر فێستیڤاڵ و بۆنەی کوردی و نێودەوڵەتی کردووە. لە شانۆ و نمایشە هونەرییەکاندا لە شارە جیاوازەکانی بەریتانیا دەربڕینی هونەری خۆم پێشانداوە. هەروەها من  ئەندامی گروپی مۆسیقای بارانم، کە یەکێکە لە گروپە چالاکەکانی موزیکی کوردی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها بە شێوەیەکی خۆبەخش لە رێکخراوی زاگروس دا چالاکی دەکەم؛ ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە هونەر لەلای من تەنیا لەسەر شانۆ نەوەستاوە، بەڵکو بەشێکە لە ئەرکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییم."

سیڤینا جان گوتیشی، "من لە گۆرانییەکانم دا زیاتر پشت بە فۆلکلۆری کوردی دەبەستم؛ ئەو ستایلەی کە تێیدا دەنگی شمشاڵ، تەمبۆر و دەف، لەگەڵ چیرۆکی خەڵک و ژیان تێکەڵ دەبن. من بە زمانی کوردی، هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی، گۆرانی دەڵێم،  بۆیە پێم وایە موزیکی کوردی هێشتا ناسنامە و رەسەنایەتی تایبەتی خۆی هەیە. هەروەها موزیکی کوردی لە ریتم و ئاوازەکانییەوە دەتوانرێت بناسرێتەوە، چونکە بەرهەمی ژیانی شاخ و سروشت و خەباتی خەڵکی کوردستانە. هەروەها زۆرێک لە گۆرانییە نوێیەکان کاریگەریی موزیکی وڵاتانی دیکە وەردەگرن، کە هەرچەندە هۆکاری گەیشتن بە گوێگری زیاترە، بەڵام هەندێک جار رەسەنایەتیی موزیکی کوردی لاواز دەکات."

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە پەیامی گۆرانییەکانی دەکات و دەڵێت، "من پێم وایە هونەر دەتوانێت ببێتە پەیامبەری ناسنامە و هۆشیاریی نەتەوەیی، بەتایبەتی لە دەرەوەی وڵات. بۆیە لە رێگەی بەشداری لە نەورۆز، شەوی یەڵدا و فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا، هەوڵم داوە کولتووری کوردی بگەیەنمە نەوەی نوێ، ئەو نەوەیەی کە دوور لە خاکی خۆیان گەورە دەبن. هەروەها پێم وایە کوردستان هێشتا ئاوازدانەری بەهێزی هەیە، بەڵام پێویستی بە پشتگیری و دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی موزیکی کوردی بگاتە ئاستی جیهانی."

لەکۆتایی قسەکانیدا، سیڤینا جان، باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت، "من ئێستا کار لەسەر گۆرانییەکی نوێ دەکەم بە ناوی "هەستا ژینم"، کە پەیامێکی نیشتیمانی و مرۆیی هەڵدەگرێت. هەروەها پڕۆژەیەکی دیکەم ئامادە کردووە کە دەربارەی خۆشەویستیی خاک و وڵاتە؛ بابەتێک کە لە زۆربەی بەرهەمەکانی من دا ئامادەیی هەیە و کارم لەسەری کردووە."

سیڤانا جان، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی بەریتانیایە. زانستی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی حەلەب تەواو کردووە. پاشان وەک توێژەری کۆمەڵایەتی لە شاری هەولێر کاری کردووە.