ئاژانسی فارس مەرجەکانی ئەمریکا و داواکارییەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان ئاشکرا دەکات

یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێرانی، پەردەی لەسەر لیستێکی پێنج مەرجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لادا بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تاران، هاوکات ئاشکرای کرد کە ئێران لە بەرانبەردا پێنج داواکاریی وەک مەرجی بنیاتنانی متمانە خستووەتەڕوو.

پێنج مەرجەکەی ئەمریکا بۆ دەسپێکی گفتوگۆ:

1. ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ جۆرە قەرەبوویەک یان تێچوویەکی زیانەکانی جەنگ بە لایەنی ئێرانی نادات.

2. پێویستە ئێران بڕی 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی رادەستی ئەمریکا بکات.

3. ئەمریکا تەنیا رێگە بە مانەوەی یەک بنکەی ئەتۆمی ئێران دەدات کە لە کاردا بێت.

4. واشنتن رێژەی 25%ـی پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد ناکات.

5. دەبێت دەسپێکردنی دانوستانەکان بەستراو بێت بە راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنانەت ئەگەر ئێران ئەم مەرجانەش جێبەجێ بکات، هێشتا مەترسی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە هەر دەمێنێت.

پێنج داواکارییەکەی ئێران بۆ بنیاتنانی متمانە:

لە بەرانبەردا، تاران پێنج مەرجی بۆ چوونە ناو پرۆسەی گفتوگۆ دیاری کردووە:

1. کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، بەتایبەتی لە بەرەی لوبنان.

2. لادانی هەموو ئەو گەمارۆ و سزایانەی کە خراونەتە سەر ئێران.

3. ئازادکردنی سەرجەم پارە و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی جیهان.

4. قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی جەنگ بەر ئێران کەوتوون.

5. داننان بە سەروەریی تەواوی ئێران بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.

ئەم ئاڵوگۆڕی مەرجانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ئاگربەستێکی لەرزۆکدایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دووبارەی جەنگ بەردەوامن.