ئەکسیۆس: ترەمپ و ناتانیاهۆ پرسی ئێرانیان تاوتوێ کرد

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرسی ئێرانیان تاوتوێ کرد

یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیسۆ لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی داوە، ناتانیاهۆ و ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا پرسی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.

هەر ئەمڕۆ ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، لەگەڵ ترەمپ بە تەلەفۆن قسە دەکات و پرسی ئێران و سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین تاوتوێ دەکەن.

سەرهەڵدانی جەنگی ئێران

رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشی سەربازی بۆ سەر ئێران.

ئەم هێرشانە سەدان ئامانجی سەربازی، دامەزراوەی مووشەکی، بەرگری ئاسمانی و ناوەندەکانی سەرکردایەتیان لەو وڵاتە کردە ئامانج. لە ئەنجامدا رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی و دەیان سەرکردە و فەرماندەی سەربازیی ئێران کوژران.

لە وەڵامی هێرشەکان، رۆژانە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە درێژەی جەنگەکەدا، ئێران گەرووی هورمزی داخست، کە نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان تێیدا دەگوازرێتەوە و هێرش کردە سەر کەشتییەکان. ئەمە بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی ئابووری جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

ئەمریکاش لە وەڵامی داخستنی گەرووەکە، گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، کەشتییەکانی دەچوونە ناو بەندەرەکانی ئێران دەگرت یان دەیانگەڕاندەوە. ئەم دوو گەمارۆیە پێکەوە هورمزیان بە شێوەیەکی بەرچاو داخست و بووە هۆی زیانێکی گەورەی ئابووری.

جەنگەکە 40 رۆژی خایاند؛ دواتر بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی کاتی راگەیەنرا و گرژی و ئاڵۆزییەکان وەستان.

هەرچەندە گەڕێکی ڕاستەوخۆی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچووە و بەرپرسانی هەردوو وڵات ڕۆژانە پەیام ئالوگۆڕ دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.