ترەمپ: باشترە ئێران خێرا هەنگاو بنێت
سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێ و زۆر تونددا هۆشدارییەکی بەپەلە و کتوپڕی ئاراستەی تاران کرد و داوای لێکردن بە خێرایی بڕیاری کۆتایی بدەن، پێش ئەوەی هەموو شتێک لەدەست بدەن.
یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) کە ئاڕاستەی سەرکردایەتی ئێرانی کردووە، ڕایگەیاند: "بۆ ئێران، کات خەریکە تەواو دەبێت (کاتژمێرەکە کەوتووەتە لێدان). باشترە بە خێرایی دەست بە جووڵە بکەن و بڕیار بدەن، ئەگەر نا هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "کات زۆر هەستیارە و جەوهەرییە!"
دۆناڵد ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (Axios) هۆشدارییەکی توند و ڕاستەوخۆی ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و دووپاتی کردەوە کە "کات بۆ ئێران خەریکە تەواو دەبێت".
ترەمپ هۆشداری دا کە ئەگەر ئێران پێشنیازێکی باشتر و گونجاوتر بۆ ڕێککەوتن پێشکەش نەکات، ئەوا "زۆر بە توندی هێرشیان دەکرێتە سەر، زۆر توندتر لەوەی پێشتر بینراوە".
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پێگەیە بەرپرسانی ئەمریکا، هەرچەندە ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەڵام ڕەت کردنەوەی داواکارییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە و سووربوونی تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، وای کردووە بژاردەی سەربازی جارێکی تر ببێتەوە بە ئەولەویەت.
چەند سەرچاوەیەکی فەرمی بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ لە (ژووری ئۆپەراسیۆنەکان) کۆبوونەوەیەکی باڵا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بژاردە جیاوازەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران.
هەروەها هەر ئەمڕۆ پێگەی هەواڵی ئەکسیسۆ لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی داوە، ناتانیاهۆ و ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا پرسی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.
سەرهەڵدانی جەنگی ئێران
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشی سەربازی بۆ سەر ئێران.
ئەم هێرشانە سەدان ئامانجی سەربازی، دامەزراوەی مووشەکی، بەرگری ئاسمانی و ناوەندەکانی سەرکردایەتیان لەو وڵاتە کردە ئامانج. لە ئەنجامدا رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی و دەیان سەرکردە و فەرماندەی سەربازیی ئێران کوژران.
لە وەڵامی هێرشەکان، رۆژانە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە درێژەی جەنگەکەدا، ئێران گەرووی هورمزی داخست، کە نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان تێیدا دەگوازرێتەوە و هێرش کردە سەر کەشتییەکان. ئەمە بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی ئابووری جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ئەمریکاش لە وەڵامی داخستنی گەرووەکە، گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، کەشتییەکانی دەچوونە ناو بەندەرەکانی ئێران دەگرت یان دەیانگەڕاندەوە. ئەم دوو گەمارۆیە پێکەوە هورمزیان بە شێوەیەکی بەرچاو داخست و بووە هۆی زیانێکی گەورەی ئابووری.
جەنگەکە 40 رۆژی خایاند؛ دواتر بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی کاتی راگەیەنرا و گرژی و ئاڵۆزییەکان وەستان.
هەرچەندە گەڕێکی ڕاستەوخۆی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچووە و بەرپرسانی هەردوو وڵات ڕۆژانە پەیام ئالوگۆڕ دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.