موحسین رەزایی هەڕەشەی گۆڕینی دەریای عومان بۆ گۆڕستان دەکات
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی باڵای ئێران، ئێوارەی یەکشەممە هۆشداریی دایە سوپای ئەمریکا و رایگەیاند؛ ئەگەر گەمارۆی سەر گەرووی هورمز کۆتایی پێنەیەت، دەریای عومان دەگۆڕن بۆ گۆڕستان بۆ هێزەکانی ئەو وڵاتە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زمان ڕەزاییەوە بڵاویکردەوە، گەرووی هورمز بۆ مەبەستی بازرگانی کراوەیە نەک بۆ کۆبوونەوەی سەربازی. ئاماژەی بەوەش کرد، "گەمارۆی دەریایی بە واتای جەنگ دێت و بەرەنگاربوونەوەی بە مافی خۆمان دەزانین، چونکە ئارامی گرتنی ئێمە سنووری هەیە."
رەزایی هەڕەشەی شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکای کرد و رایگەیاند؛ هێزە چەکدارەکانی ئێران خەریکی خۆسازدان و ئامادەکاری پێویستن بۆ ئەو مەبەستە. هەروەها ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات لایەنێکی ناوچەیی پەلکێشی جەنگ دژی ئێران بکات، تاوەکو دۆناڵد ترەمپ قایل بکات بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنیان. لە کۆتایی قسەکانیدا رەزایی گوتی: "ترەمپ هیچ شەرعیەتێکی نییە بۆ بەردەوامبوون لە جەنگ، چ لە ناوخۆی ئەمریکا و چ لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان."
لێدوانەکەی رەزایی دوای ئەوەهات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێوارەی یەکشەممە، لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد. ترەمپ نووسیویەتی "کات بۆ ئێران خەریکە تەواو دەبێت، پێویستە بە خێراییەکی زۆر بجوڵێن، ئەگەر نا هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە." بەڵام ترەمپ روونی نەکردەوە مەبەستی لەو هەنگاوە چییە کە داوا دەکات ئێران بینوێنێت.