ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بە هێرشی سەر وڵاتانی ناوچەکە تۆمەتبار دەکات

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵ دەدەن لەو ئاگربەستە رزگاریان بێت کە ئێستا تێیکەوتوون، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی تۆمەتەکان بۆ سەر ئێران.

ئەو بەرپرسە سەربازییە  لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، هۆشداریی دا لەوەی کەس نەکەوێتە نێو ئەوەی کە بە "داوی دوژمن" ناوی برد، هەروەها داوای کرد لایەنەکان خۆیان لە گرتنەبەری هەڵوێست یان لێدوانی بێسەروبەر و سەرکێشانە بپارێزن کە ببێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە.

بەرپرسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل کە بە دوژمنی شکستخواردوو وەسفی کردن، دەیانەوێت لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ناڕەوا دژی وڵاتانی ناوچەکە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیار نیشان بدەن. ئامانج لەم کارەشیان، دەرچوونە لەو قەیرانەی بەهۆی دەستدرێژییە نایاساییەکان و تاوانەکانیان بۆیان دروست بووە.

ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، ئێران "لایەنی سەرکەوتوو بووە لە رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکاندا" و پیلانگێڕیی ئیسرائیلی ئیدانە کرد. هەروەها جارێکی دیکە هۆشداریی دایە هەموو لایەنەکان کە نەکەونە ناو داوی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دوورکەونەوە لە هەر رەفتارێک کە ببێتە هۆی تەقینەوەی بارودۆخی ناوچەکە.