ئێران میکانیزمێکی نوێ بۆ تێپەڕین بە گەرووی هورمز دادەنێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کار لەسەر میکانیزمی نوێ دەکەین بۆ تێپەڕین بە گەرووی هورمز و سازشیش لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم ناکەین.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمریکا و ئیسرائیل مەترسین بۆ سەر ناوچەکە، ئێمە دوژمنی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نین و لەگەڵ هەمووان دراوسێین. داوا لە هەموو لایەک دەکەین ئاگاداری پیلانی لایەنە دەرەکییەکان بن بۆ دروستکردنی دووبەرەکی.
ئاماژەی بەوەش دا، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عومان بەردەوامە لەبارەی میکانیزمی چۆنیەتی تێپەڕین بە گەرووی هورمز، گوتیشی: دەبێت وڵاتانی ناوچەکە لە رووداوەکانی ئەم دواییە فێربن و بینیان بوونی ئەمریکا نابێتە هۆی ئاسایش و سەقامگیریی، بەڵکو دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی بۆ هەمووان و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی دەخاتە مەترسییەوە.
بەقایی داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد، کە ئاسایشی ناوچەکە پێویستی بە دروستکردنی متمانە هەیە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و کارکردن بۆ میکانیزمێکی ئەمنیی ناوخۆیی
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، وڵاتەکەی لە رێکارە یاساییەکانی بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی ئەمریکا دژی ئێران بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسە یاساییەکان کاتین و پێویستیان بە بەردەوامی هەیە، یەکەم هەنگاویش بەڵگەدارکردنی ئەو تاوانانە بووە کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتایی جەنگەوە کراون.
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە بەدواداچوونی یاسایی تاوانەکانی ئەمریکا گوتی: پڕۆسەی بەڵگەدارکردنەکە هەم قۆناخی جەنگی سەپێندراوی پێشوو و هەم جەنگی ئەم دواییەش دەگرێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی باسی لەوەش کرد، یەک دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەم دواییە، سکاڵایەکی یاساییمان لەلای ناوبژیوانانی ئێران و ئەمریکا تۆمار کرد، ئەم سکاڵایە دژی ئەمریکا بوو بەهۆی دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی ئێران و سەپاندنی سزاکان، دۆسیەکە بە فەرمی تۆمار کراوە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
سەبارەت بە رووداوەکانی جەنگی ئەم دواییە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر چەند خاڵێک لەوانە کەیسی قوتابخانەی میناب، لەوبارەوە گوتی، رەهەندی نوێ لەسەر ئەم کەیسە ئاشکرا بوون و لە لایەن لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە تۆمار کراوە.
گوتیشی: سکاڵایەکی تایبەتیان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) تۆمار کردووە سەبارەت بەو تاوانانەی دژی ناوەندە پزیشکی و تەندروستییەکان کراون.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی جۆری بابەتەکان، لە رێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوونی یاسایی بۆ سەرجەم دۆسیەکان دەکات.