گوتەبێژی دەستەی ژینگە: رووبەری سەوزایی کوردستان بەڕێژەی 6% زیادی کردووە

بایەخدانی ژینگە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی کار و پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای بەربەست و قەیرانە ماددییەکان کە لەلایەن بەغداوە دروست دەکرێن، بەڵام حکوومەتی هەرێم توانیویەتی بە فراوانکردنی رووبەری سەوزایی و جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی، نزیکەی 1.1 ملیۆن تۆن دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوای کوردستان کەم بکاتەوە و شارەکان لە ریزبەندی شارە پیسەکانی جیهان دەربهێنێت.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژێکی فرەڕەهەندی بۆ پاراستنی ژینگە و چاککردنی کواڵیتی هەوا و زیادکردنی رووبەری سەوزایی گرتووەتەبەر، بە گوێرەی دوایین تۆمار و ئامارەکان، ژینگەی هەرێم بە قۆناخێکی گواستنەوەی ئەرێنیدا تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا رێژەی سەوزایی زیادی کردووە. 

رووبەری سەوزایی شارەکانی هەرێمی کوردستان

دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، رووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بە گشتی لە %20ـە، بەڵام لە هەولێر دوای تەواوبوونی پشتێنەی سەوزایی و روواندنی نەمام و دروستکردنی پارک و باخچەکان رووبەری سەوزایی لە شاری هەولێر دەگاتە سەرووی %25.

گوتەبێژی دەستەی ژینگە لە بارەی رووبەری سەوزایی شاری سلێمانی ئاماژەیدا، بە فەرمی هیچ تۆمار و زانیارییەکیان بە دەستەکە نەداوە، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی خۆیان باسی دەکەن رێژەی سەوزایی لە 22 بۆ 23 %ـە.

هەروەها ئاماژەیدا، هەرچەندە ژینگەی دهۆک پێشتر و لە بنەڕەتدا رێژەی سەوزایی هەبوو، بەڵام بەهۆی پەرەپێدانەوە توانراوە فراوانتر بکرێت، ئێستا رێژەی سەوزایی شارەکە لە 20-22%ـە. 

لە بارەی سەوزایی ژینگەی شاری هەڵەبجە، سەنعان عەبدوڵڵا بۆ کوردستان24 گوتی: رێژەی سەوزایی هەڵەبجە لە 20% کەمترە.

دەستپێکردنی قۆناخی یەکەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر

 

گۆڕانکاری لە پێوەری جیهانیی کواڵیتی هەوا (IQAir)

سەنعان عەبدوڵڵا رایگەیاند، دوای پڕۆژەی رووناکی و ئەو مەرج و رێنماییانەی لەسەر پڕۆژەکان جێبەجێ کرا، بێگومان رێژەی کواڵیتی هەوای شارەکان بەرزبووەتەوە، گوتی: باسی کواڵیتی هەوای شارەکان دەکەین، دەردانی گازە زیانبەخشەکانیش لە هەوادا کەمیکردووە و تەنوولکە وردەکان، کە (PM) ی پێ دەڵێن، ئەوانیش کەمیان کردووە.

دەشڵێت، شاری هەولێر بە تەواوی لە لیستی شارە پیسەکان دەرچووە، لە ئێستا کواڵیتی هەوای شارەکە لە نێوان تەندروست (Healthy) و مامناوەند (Moderate) دایە، واتە پێوەرەکە لە دەوروبەری ژمارە 50 کەمتر دایە. 

گوتیشی: ئەم بابەتە پەیوەندی بە پڕۆژەی رووناکیەوە هەیە، چونکە ئەو مەرج و پێوەرە ژینگەییانەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر کارگە و دامەزراوە پیشەسازیی و پاڵاوگەکانیان سەپاند، وایکرد کواڵێتیی هەوای شارەکان بەرەو پاکبووەوە بڕوات، بە تایبەتی شاری هەولێر. 

هەروا باسی لەوەشکردووە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا هەوڵمانداوە وێستگەی پێوانەکردنی کواڵێتی هەوا لە شاری هەولێر دابندرێت، ئەمەش خزمەتێکی زۆر بە شاری هەولێر و بە هاووڵاتییان دەکات، چونکە لەم رێگەوە دەتوانرێت کێشە و گرفتەکانی بەرگە هەوا دەستنیشان و چارەسەری بکرێت.

پڕۆژەی رووناکی و بازدانی جۆری لە کواڵیتی هەوادا

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، لە دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی، کواڵێتی هەوای شارەکان باشتر بووە، دەشڵێت، لە کۆتایی ساڵی 2026،  حەفت هەزار مۆلیدە دەکوژێندرێنەوە، بەمەش کواڵێتی هەوای شارەکان زیاتر خاوێن دەبێتەوە.

بەکوژاندنەوەی دووهەزار و 500 مۆلیدە، کواڵیتی هەواکەی پاکبووەتەوە، پێشتر لە ناو لیستی ئەو شارانە بوو کە دەیانگوت کواڵیتی هەواکەی زۆر پیسە، بەڵام ئێستا لە ناو لیستی شارە پیسەکان دەرچووە.

بە گوێرەی راپۆرتی لیژنەی پڕۆژەی رووناکی بە کوژاندنەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان لە شارەکان، کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی ساڵانە نزیکەی 1.1 ملیۆن تۆن گازی CO2ـی لە هەوای کوردستاندا کەم بێتەوە.

کۆڕنیشی زاخۆ

 

گرنگی کابینەی نۆیەم بە چاندنی نەمام و زیادکردنی باخچەکان

سەنعان عەبدوڵڵا لەبارەی چاندنی نەمام و زیادکردنی باخچەکان گوتی: لە کابینەی نۆیەم هەڵمەتی نەمام چاندن و دروستکردنی باخچە و پارک بەردەوامە، ئەمەش رووبەری سەوزایی زیاد کردووە، کابینەی نۆیەمی حکوومەت گرنگی زۆری بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی داوە، بۆیە ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئێستا و رابردوودا، 5 تا6 % رێژەی سەوزایی زیادی کردووە. هیواداریشین هەر بەردەوام بین لەسەر ئەو پڕۆژانەی کە خزمەت بە ژینگەی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەڵمەتی توند دژی پاڵاوگە نافەرمییەکان

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سێ پاڵاوگەی فەرمی هەیە، هەروەها لە ماوەی رابردوودا 85 پاڵاوگەی نافەرمی داخراون، لە شاری دهۆکیش زۆربەی زۆری پاڵاوگەکان داخراون کە نزیکەی 14 پاڵاوگە بوون. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکوومەت بڕیاریان دا مەرج و رێنماییە ژینگەییەکان لەسەر پاڵاوگەکان جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەی ئەو پاڵاوگانەی کە ژێرخانیان نەبوو داخران ئەو پاڵاوگانەی کە سەرچاوەی پیسکردنی هەوا بوون، داخران و ئەو پاڵاوگانەی کە ماویشن پێویستە لەگەڵ مەرج و رێنماییە ژینگەییەکان خۆیان بگونجێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانە سەرچاوەی پیسکەری ژینگە بوون، زۆربەی زۆریان داخراون و ئەوانەی ماویشن مەرج و رێنماییە ژینگەییەکانیان لەسەر جێبەجێ دەکرێ وەک دانانی فلتەری هەوا، دانانی یەکەی چارەسەری ئاو، چارەسەرکردنی پاشەڕۆکان زیادکردنی رووبەری سەوزایی لە هەمان کاتیشدا هەبوونی تاقیگە و چەندین پێداویستی دیکەی ژینگەیی پێویستە جێبەجێ بکەن.

 گرنگی دانی حکوومەت بە تەکنەلۆژیای نوێ و دۆستی ژینگە

ستراتیژی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لەسەر سزادان و داخستن نەمایەوە، بەڵکو رووی لە هاوردەکردنی تەکنەلۆژیای نوێ کردووە، لە ئێستا حکوومەت پاڵپشتییەکی تەواوی هاوردەکردن و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە دۆستەکانی ژینگە (کارەبایی و هایبرێد) دەکات، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکانی سەرچاوەگرتوو لە کەرتی گواستنەوە.

 ئەو بەرپرسەی ژینگەی هەرێم، جەختیکردەوە، پاراستنی پێکهاتەکانی ژینگە (ئاو، خاک و هەوا) پێویستی بە هاوکاریی دوولایەنە هەیە، پێویستە هاووڵاتییان، خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانیش شانبەشانی حکوومەت خۆیان لەگەڵ رێنماییە ژینگەییەکان بگونجێنن، تا دڵنیایی بدرێت لەوەی هەر پڕۆژەیەک لە داهاتوودا بێتە کایەوە، پڕۆژەیەکی دۆستی ژینگە بێت.

پارکی سەرهەڵدان لە دهۆک

 

ژینگە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا

لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تەممووزی 2019دا، لە کارنامەکەیدا بە گوتەیەک پێگەی ژینگەی هەرێمی دیاری کرد و رایگەیاند، "ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە".

بەم پێیەش، تەواوی دامەزراوەکانی حکوومەت پابەند کران بە بایەخدانی زیاتر بە ژینگە و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان.

 هەنگاوە کردارییەکان بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە

بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی کەشوهەوا، زیادکردنی رێژەی سەوزایی و چاککردنەوەی خاکی کوردستان، ئەم هەنگاوە گرنگانە نراون:

کواڵیتیی هەوا: دامەزراندنی 4 وێستگە بۆ هەڵسەنگاندنی کواڵیتیی هەوا.

پاراستنی دارستانەکان: دروستکردنی 34 ملیۆن مەتر دووجا ئاگربر بۆ رێگری لە سوتانی دارستانەکان.

پاککردنەوەی خاک: پاککردنەوەی 11.4 ملیۆن مەتر دووجا لە خاکی کوردستان لە مین.

یاسای پڕۆژەکان: ناچارکردنی پڕۆژەکانی پیشەسازی و نیشتەجێبوون بە تەرخانکردنی %25ـی رووبەرەکەیان بۆ سەوزایی.

 پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر

سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، یەکەم بنەداری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و بە پانی 2 کیلۆمەتر و درێژایی 78 کیلۆمەتر بە بازنەیی بە دەرەوەی شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەکرێت و تایبەتمەندییەکانی بریتین لە چاندنی حەفت ملیۆن دار زەیتوون و فستق، دروستکردنی 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو.  هەروەها کەمکردنەوەی 140 تا 210 هەزار تۆن گازی دووەم نۆکسیدی کاربۆن.

دروستکردنی پارک لە هەولێر

 

ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر:

کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی شار: 

کەمکردنەوەی دیاردەی دوورگە گەرمییەکانی شار و باشترکردنی مەرجەکانی کەشوهەوا لە ناو شاردا.

باشترکردنی کوالیتیی هەوا: 

هەڵمژینی گازە پیسکەرەکان وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و لابردنی گەردیلە وردەکان.

باشترکردنی تەندروستیی گشتی و کوالیتیی ژیان: 

دابینکردنی ڕووبەری سەوز بۆ چالاکییە وەرزشی و کاتبەسەربردنەکان و کەمکردنەوەی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە پیسبوون.

پاراستنی سیستەمە ژینگەییەکان: 

پڕۆژەکە بەشداری دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون و چەسپاندنی خاک و پاراستنی ڕووەکەکان، لەگەڵ بەهێزکردنی هەمەجۆریی بایۆلۆژی.

پشتیوانیکردنی ئابووریی ناوخۆیی: 

دروستکردنی هەلی کاری بەردەوام لە بوارەکانی کشتوکاڵ، چاککردنەوە و بەبازاڕکردن.

دروستکردنی دەرفەت لە بازاڕەکانی کاربۆن: بەپێی مەزەندەکان، پڕۆژەکە توانای هەیە ساڵانە لەنێوان 140,000 بۆ 210,000 تەن {CO2} کەم بکاتەوە، کە داهاتێکی ساڵانەی گریمانەیی لەنێوان 1.12 ملیۆن و 2.52 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دابین دەکات.