شارەوانی هەولێر: ئەم هەفتەیە قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، نوێترین زانیاری لەسەر پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و رێکارە یاسایی و هونەرییەکانی تاپۆکردنیان ئاشکرا کرد.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند: "تا ئێستا ناوی 82 هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە بۆ لای ئێمە و لە شەش قۆناخی جیاوازدا نزیكەی 38 هەزار و 400 پارچە زەویمان دابەش کردووە. بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا قۆناخی حەوتەم جێبەجێ بکەین و زەوی بەسەر بەشێکی تری فەرمانبەراندا دابەش بکەین."
سەبارەت بە رێکارەکانی تاپۆکردنی زەوییەکان، کارزان هادی ئاماژەی بەوە کرد، هەموو کارەکان لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە خێرایی ئەنجام دەدرێن. گوتیشی: "لە رووی هونەرییەوە نەخشە بۆ زەوییەکان دانراوە و لە رووی یاساییەوە زۆربەیان کێشەی 'کوژانەوەیان' تەواو بووە و بەناوی شارەوانییەوە تۆمار کراون، هەروەها کار لەسەر دیاریکردنی قەرەبووی خاوەن مافەکانیش کراوە."
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا بەشێکی زۆری مامەڵەکان لە فەرمانگەی تاپۆن بۆ ئەوەی بەناوی شارەوانییەوە تۆمار بکرێن، دوای دەرچوونی ئەنجامەکانیش، فەرمانبەران ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی سەردانیان بکەن و رێکارەکان تەواو بکەن.
دەربارەی تێچووی وەرگرتنی هەر پارچە زەوییەک، سەرۆکی شارەوانی هەولێر رایگەیاند: "بەگوێرەی یاسا بۆ هەر مەترێکی زەوی بڕی 5 هەزار و 900 دینار لە فەرمانبەر وەردەگیرێت، کە بە گشتی تێچووی هەر پارچە زەوییەک زیاتر لە ملیۆنێک دینار دەبێت."
کارزان هادی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەکەش تا تەواوبوونی ناوی هەموو فەرمانبەرە شایستەکان بەردەوام دەبێت.