جەنگ دژی ئێران 40 ملیار دۆلار بارگرانی لەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکا دروستکردووە
راپۆرتێکی پەیمانگای "تۆماس واتسۆن" بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و گشتی لە زانکۆی "براون"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران زیاتر لە 40 ملیار دۆلار خەرجی زیادەی لە کڕینی سووتەمەنیدا خستووەتە سەر شانی هاووڵاتیانی ئەمریکا.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" راپۆرتێکی لە بارەی ئەو زیانانەوە بڵاوکردەوە کە بە هۆی جەنگی دژ بە ئێران بەر هاووڵاتییانی ئەمریکی کەوتووە، رایگەیاندووە، شارەزایان مەزندە دەکەن تێچووە زیادەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گازوایل بۆ بەکاربەران گەیشتووەتە 10.5 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 316 دۆلار بۆ هەر خێزانێکی ئەمریکی.
لەمبارەیەوە، جێف کۆڵگان، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی براون، رایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر لە سووتەمەنیدا خەرج دەکات کە دەکرا بۆ مەبەستی زۆر گرنگتر بەکاربهێنرایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم تێچووە زیادەیەی سووتەمەنی لە بودجەی تەواوی پڕۆژەی چاککردنەوەی پردە فیدراڵییەکان 40 ملیار دۆلار و تێچووی نوێکردنەوەی سیستەمی چاودێری هاتوچۆی ئاسمانی ئەمریکا 31.5 ملیار دۆلار زیاترە.
راپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە، لێکەوتەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران گورزێکی بەهێزی لە گەورەترین ئابووری جیهان داوە و رێژەی هەڵئاوسانی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە ئاڵەنگارییەکی سیاسی گەورە بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
نە گوێرەی ئامارەکان، رێژەی هەڵئاوسانی بەکاربەر لە ئەمریکا لە مانگی نیسانی 2026ـدا گەیشتووەتە 3.8%، هاوکات هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەیەش بۆ گەشەکردنی نرخی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەهۆی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە دەگەڕێتەوە.