توێژینەوەیەک: مرۆڤ لە تەمەنی 44 و 60 ساڵیدا کتوپڕ پیر دەبێت
زۆرجار پێمان وایە پیربوون پرۆسەیەکی هێواش و لەسەرخۆیە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ستانفۆرد دەریخستووە کە جەستەی مرۆڤ لە دوو وێستگەی جیاوازی تەمەندا تووشی "بازدانی بایۆلۆژی" دەبێت و بە خێراییەکی دراماتیکی گۆڕانکاریی گەردیلەیی بەسەردا دێت.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2024 بڵاوکراوەتەوە، مرۆڤ بە درێژایی ژیانی بە شێوەیەکی هێڵکاری و یەکسان پیر نابێت، بەڵکو لە تەمەنی 44 ساڵی و دواتر لە تەمەنی 60 ساڵیدا، جەستە رووبەڕووی گۆڕانکاریی کتوپڕ و گەورە دەبێتەوە.
گۆڕانکارییە گەورەکان
مایکڵ سنایدەر، زانای جینات لە زانکۆی ستانفۆرد و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت: "ئێمە تەنیا بە تێپەڕبوونی کات و بە هێواشی ناگۆڕێین، بەڵکو هەندێک گۆڕانکاریی زۆرگەورە هەن کە لە تەمەنێکی دیاریکراودا روودەدەن." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ناوەڕاستی تەمەنی 40 ساڵی و سەرەتای 60 ساڵی، کاتی وەرچەرخانی گەورەن لە جەستەدا، بێ گوێدانە ئەوەی سەیری کام جۆری گەردیلەکان دەکەیت.
شێوازی توێژینەوەکە
تیمی توێژینەوەکە بەدواداچوونیان بۆ 108 کەسی پێگەیشتوو کردووە بۆ ماوەی چەند ساڵێک. لەو ماوەیەدا نموونەی بایۆلۆژییان لێ وەرگرتوون و سەیری گۆڕانکارییەکانی (RNA، پرۆتین، چەوری و میکرۆبیۆم)یان کردووە. لە ئەنجامدا زیاتر لە 246 ملیار زانیاریی وردیان کۆکردووەتەوە. توێژەران تێبینییان کردووە کە مەترسیی هەندێک نەخۆشی وەک ئەلزەهایمەر و نەخۆشییەکانی دڵ، بە تێپەڕبوونی تەمەن بە شێوەیەکی هێواش زیاد ناکەن، بەڵکو دوای تەمەنێکی دیاریکراو بە خێراییەکی زۆر بەرز دەبنەوە.
چی لە تەمەنی 44 و 60 ساڵیدا روودەدات؟
بەگوێرەی ئەنجامەکان، نزیکەی 81%ـی هەموو ئەو گەردیلانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، لەم دوو قۆناخەدا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە:
لە ناوەڕاستی تەمەنی 40 ساڵیدا: گۆڕانکارییەکان زیاتر لەو گەردیلانەدا بوون کە پەیوەستن بە هەرسکردنی چەوری، کافایین و کحول، لەگەڵ بەرزبوونەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و کێشەی ماسولکە و پێست.
لە سەرەتای تەمەنی 60 ساڵیدا: گۆڕانکارییەکان پەیوەست بوون بە هەرسکردنی کاربۆهیدرات، رێکخستنی سیستەمی بەرگریی جەستە و فرمانی گورچیلەکان.
تەنیا بۆ خانمان نییە
پێشتر وا دەزانرا کە گۆڕانکارییەکانی ناوەڕاستی تەمەنی 40 ساڵی تەنیا پەیوەستە بە تەمەنی بێومێدی (Menopause) لە خانماندا، بەڵام توێژینەوەکە دەریخستووە کە پیاوانیش لە هەمان تەمەندا رووبەڕووی هەمان گۆڕانکاریی بایۆلۆژی دەبنەوە.
ئەم دۆزینەوەیە دەرگایەکی نوێ بۆ پزیشکان دەکاتەوە تاوەکو باشتر تێبگەن بۆچی هەندێک نەخۆشی لە تەمەنێکی دیاریکراودا سەرهەڵدەدەن و چۆن بتوانرێت رێگرییان لێ بکرێت یان لە کاتی خۆیدا چارەسەر بکرێن.