فارس نیووز: کەشتییەکی ئێرانی گەمارۆی ئەمریکای لە هورمز شکاند
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاژانسی "فارس" بۆ سەرکەوتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی لە شکاندنی ئابڵۆقە دەریاییەکەی ئەمریکا لە گەرووی هورمز، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد کە تا ئێستا ئاراستەی 84 کەشتییان گۆڕیوە کە ویستوویانە بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی (فارس)، کەشتییەکی نەوت هەڵگر وڵاتەکەیان، کە لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە، توانیویەتی هێڵی ئابڵۆقە دەریاییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە گەرووی هورمز ببڕێت و بە سەلامەتی بگاتە بەندەرەکانی ئێران.
ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئەم کەشتییە کە باری غازی شلکراوەی (LPG) هەڵگرتبوو، دوو هەفتە لەمەوبەر لە کەناراوەکانی وڵاتی هیندستان بینرابوو؛ کەشتییەکە توانیویەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و بەبێ ئەوەی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە دەستنیشان بکرێت. لە هێڵی ئابڵۆقەکە تێپەڕێت و ئێستا لە بەندەری دوورگەی (خارگ) لە ناو ئاوەکانی ئێران لەنگەری گرتووە.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) نوێترین ئاماری چالاکییە دەریاییەکانی خۆی لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئابڵۆقەی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا کرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سێنتکۆم، تاوەکو ئەمڕۆ، هێزەکانی ئەمریکا لە دەریای عەرەب و ناوچەکە توانیویانە؛ ئاراستەی 84 کەشتی بازرگانی بگۆڕن کە هەوڵیان داوە ئابڵۆقەکە ببڕن و بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران؛ هەروەها 4 کەشتی بازرگانی دیکەیان بە تەواوی پەکخستووە.