رۆیتەرز: پاکستان 8 هەزار سەرباز و ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی بۆ پاراستنی سعوودیە رەوانە کردووە
لە هەنگاوێکی سەربازیی گەورەدا، پاکستان 8 هەزار سەرباز، پۆلێک فڕۆکەی جەنگی و سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی رەوانەی سعوودیە کرد، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، سێ بەرپرسی ئەمنی و دوو سەرچاوەی حکوومی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستیان کردەوە، ئەم هێزە نەک تەنیا بۆ راوێژکاری، بەڵکو هێزێکی شەڕکەر و ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی سعوودیە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، هێزەکە بریتییە لە:
8000 سەرباز: بە بەڵێنی ناردنی هێزی زیاتر ئەگەر پێویست بکات (رێککەوتنەکە رێگە دەدات تا 80 هەزار سەرباز بنێردرێن).
16 فڕۆکەی جەنگی: زۆربەیان لە جۆری JF-17 (دروستکراوی هاوبەشی پاکستان و چین).
ژمارەیەک درۆن: بۆ مەبەستی چاودێری و هێرش.
سیستەمی HQ-9: سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی چینییە بۆ تێکشکاندنی مووشەک و فڕۆکە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هێزە لەلایەن ئەفسەرانی پاکستانییەوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام حکوومەتی سعوودیە تێچووە داراییەکانی دابین دەکات. خەواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەم رێککەوتنە سعوودیە دەخاتە ژێر "چەتری ئەتۆمی" پاکستانەوە، بەو پێیەی پاکستان تاکە وڵاتی ئیسلامییە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.
ئەم جووڵە سەربازییەی ئیسلام ئاباد لە کاتێکدایە کە پاکستان رۆڵی نێوەندگیری سەرەکی دەگێڕێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێستا. پاکستان توانیویەتی ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی لە نێوان تاران و واشنتن جێگیر بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نایشارێتەوە کە پابەندە بە بەرگریکردن لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی (سعوودیە) لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەکی ئێران یان بریکارەکانی.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزەی سعوودیە، زیانی گەورەیان بەو وڵاتە گەیاند و بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە کە سعوودیە بە شێوەیەکی نهێنی و بێدەنگ، چەندین هێرشی تۆڵەکردنەوەی بۆ سەر ناوخۆی ئێران ئەنجام داوە.