ترەمپ: چیتر هیچ سازشێک بۆ ئێران ناکەم
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند چیتر ئامادە نییە هیچ سازشێک بۆ ئێران بکات و بە پەیامێکی توندی وەک "بەم زووانە دەزانن چی روودەدات"، ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان کرد دوای ئەوەی پێشنیازەکانی تارانی بە بێومێدکەر وەسف کرد.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیی کورتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (The Post)، رایگەیاند، چیتر ئامادە نییە هیچ سازشێک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بکات، ئەوەش دوای وەرگرتنی نوێترین پێشنیازی تاران کە بە "بێومێدکەر" وەسفی کرد.
ترەمپ گوتی: "ئێران دەزانێت بەم زووانە چی روودەدات." ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەسپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دەبینرێت، لە کاتێکدا کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان گەیشتوونەتە بنبەست.
کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی لێدوانەکەی رۆژی هەینی کە تێیدا ئامادەیی خۆی نیشاندابوو بۆ قبووڵکردنی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ، ترەمپ رایگەیاند، "من ئێستا بۆ هیچ شتێک ئامادە نیم." ناوبراو ئامادە نەبوو بچێتە ناو هیچ وردەکارییەک و تەنیا گوتی: "ناتوانم قسەت بۆ بکەم، زۆر شت خەریکە روودەدەن."
ترەمپ دوای گەڕانەوەی لە چین، کۆتایی هەفتەی لە یانەی گۆڵفەکەی لە ڤێرجینیا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی بەسەر برد بۆ داڕشتنی هەنگاوەکانی داهاتوو. بڕیارە سبەی سێشەممە کۆبوونەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا هاوپەیمانە "هەڵۆکانی" وەک سیناتۆر لیندزی گراهام، فشار دەکەن بۆ دەسپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر دەیەوێت رێککەوتن بکات، چونکە درک بەوە دەکەن کە ئەمریکا دەتوانێت ئازاری زیاتریان پێ بگەیەنێت. ترەمپ ئاماژەشی دا، "ئەوەی دەیکەین دانوستانە، منیش نامەوێت کارێکی شێتانە بکەم."
ئەم ئاڵۆزییە نوێیە لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە پێشنیاز ئاڵوگۆڕ دەکەن، بەڵام وەڵامەکەی رۆژی یەکشەممەی ئێران بە تەواوی ترەمپی تووڕە کردووە و بژاردەی سەربازی جارێکی تر بووەتەوە بە ئەولەویەتی کۆشکی سپی.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانی بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دەقی نوێی دیدگاکانی ئێرانی داوەتە ئەمریکا، بەڵام هۆشداری دا، "هەردوولا کاتێکی زۆریان لەبەردەم نەماوە" بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (Axios)، پێشنیازە هەموارکراوەکەی ئێران کە شەوی یەکشەممە لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە گەیشتووەتە دەست ئەمریکا، تەنیا هەندێک گۆڕانکاریی رووکەشی تێدایە. هەرچەندە تاران لە دەقەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام هیچ بەڵێنێکی روونی تێدا نییە سەبارەت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم یان رادەستکردنی پاشکەوتە پیتێنراوەکانی ئێستا بە ئەمریکا.