کەتائیب حزبوڵڵا رەتیدەکاتەوە ئەو کەسەی لەلایەن ئەمریکا دەستگیرکراوە ئەندامی ئەوان بێت

گرووپی چەکداری کەتائیب حزبوڵای عێراقی، بە فەرمی رەتی کردەوە ئەو کەسەی لە ئەمریکا بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراوە، ئەندامی رێکخراوەکەیان بێت، سەرەڕای ئەوەی واشنتن وەک سەرکردەیەکی باڵای ئەو گرووپە ناساندوویەتی.

دووشەممە 18ی ئایاری 2026، ئەبو موجاهید عەساف، فەرماندەی ئەمنیی کەتائیب حزبوڵڵا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، "ئەو کەسەی رفێنراوە کە ناوی محەمەد باقر سەعدییە، سەر بە گرووپی کەتائیب حزبوڵڵا نییە." بەڵام لە هەمان کاتدا وەسفی کرد بەوەی کە ئەو یەکێکە لە "خۆشەویستان و پشتیوانانی بەرگری"؛ هاوکات گوتیشی: "بە سەربەرزییەوە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی".

ئەم لێدوانەی کەتائیب حزبوڵا دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا وردەکاریی تۆمەتەکانیان دژی محەمەد باقر سەعدی بڵاوکردەوە. بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگای مانهاتن، سەعدی تۆمەتبارە بە پلاندانان و هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی 18 هێرش لە ئەوروپا و 2 هێرش لە کەنەدا، ئەنجامدانی هێرشێکی چەقۆوەشاندن بۆ سەر دوو پیاوی جوو لە لەندەن، چەندین هێرشی سووتاندن بۆ سەر کەنیسەکانی جووەکان لە وڵاتانی جیاواز و پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

سەعدی رووبەڕووی شەش تۆمەتی جیاواز بووەتەوە، لەوانە پیلانگێڕی بۆ دابینکردنی پشتیوانی ماددی بۆ کەتائیب حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێران.

سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە ئاژانسی (AFP)ی راگەیاندووە کە سەعدی پێش ئەوەی رادەستی ئەمریکا بکرێت، لە وڵاتی تورکیا دەستگیرکراوە.

کەتائیب حزبوڵڵا، کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، بەشێکی سەرەکییە لە "بەرگری ئیسلامی لە عێراق". ئەم گرووپە لە کاتی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرپرسیارێتی سەدان هێرشی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا گرتە ئەستۆ، بەڵام لە مانگی نیسانی رابردووەوە و دوای راگەیاندنی ئاگربەست، هێرشەکانی راگرتووە.

مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری دیاری کرد بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر شوێنی ئەحمەد حەمیداوی، ئەمینداری گشتی کەتائیب حزبوڵڵا بدات.

شەممە 16ی ئایاری 2026، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقیی لایەنگری ئێرانیان راگەیاندبوو، بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا، لەنێویاندا هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بنکە و شوێنە جووەکان.

کاش باتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) رایگەیاندبوو، محەمەد باقر سەعد داوود سەعدی کە وەک بەرپرسێک لە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی ناسێنراوە، "ئامانجێکی باڵایە و بەرپرسیارە لە کارە تیرۆریستییە بەکۆمەڵەکان لە ئاستی جیهاندا."