سەرلەنوێ چیرۆكی مۆرینیۆ و ریال مەدرید دەستپێدەكاتەوە

رۆژنامەنووسێك: مۆرینیۆ ناوبانگی ریال مەدرید ناشیرین و لە كەلادار دەكات

جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری داهاتووی ریاڵ مەدرید
جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری داهاتووی ریاڵ مەدرید

گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید تەنها لەسەر کات ماوە، چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو بە فەرمی هەواڵی گەڕانەوەی سپێشەل وەن بۆ ریزەکانی یانە شاهانەکە بڵاوبکرێتەوە. گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید دژایەتی و پاڵپشتی دەکرێت، یەکێک لە رۆژنامەنوسەکانی بەناوبانگی ئیسپانی زۆر بە توندی دژی گەڕانەوەی مۆرینیۆیە و دەڵێت مۆرینیۆ کەسێکی تێکدەرە و ناوبانگی ریاڵ مەدرید لەکەدار دەکات.
ئێستا زیاتر لە رۆژانی رابردوو ئەگەری بینینەوەی مۆرینیۆ لە بێرنابیۆ هەست پێدەکرێت و ڕاوبۆچوونی جیاوازیش لەسەر گەڕانەوەی هەیە، هەندێک ئەم بڕیارە بە سەرکێشییەکی گەورە دەزانن و هەندێکی تریش بە ڕێگایەکی دروست بۆ ڕێکخستنەوەی ژووری جلگۆڕینی شێواوی ڕیاڵ مەدریدی دەبینن.
پاکۆ گۆنزالێس ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئیسپانی، گەڕانەوەی مۆرینیۆ بە هیچ شێوەیەک بە پێویست نازانێت. ئەو شەوی ڕابردوو لە بەرنامەی "ئێل پارتیدازۆ" لە ڕادیۆی کۆپێ ڕایگەیاند: من هیچ پێویستییەک نابینم ڕیاڵ مەدرید ناوبانگ و شەڕەفی خۆی بە کەسێکی جەنجاڵی لەکەدار بکات.
ئەو رۆژنامەنوسە ناودارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، مۆرینیۆ لە هۆڵی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان و لەناو ژووری جلگۆڕیندا شەڕ و ئاژاوە دەنێتەوە، ئەم یانەیە ئەوەندە نازناوی خول و چامپیۆنزلیگی هەیە کە پێویستی کەسێکی شەڕانگێز نیبە.
پاکۆ گۆنزالێش دەشڵێت ڕیاڵ مەدرید پێویستی بەم شتانە نییە، هێنانی کەسێک کە لە هەموو شوێنێک دەگری و شیوەن دەکات و بەدوای بەهانەدا دەگەڕێت، بە بڕوای من ڕیاڵ مەدرید بەم کارە شکۆ و گەورەیی خۆی لەدەست دەدات، ئەویش یانەیەک کە گەورەترین یانەی مێژووە، گەورەترین یانەی جیهان و خاوەنی زۆرترین هاندەرە. ئەم کارە واتە هەڕاجکردنی گەورەیی و ناوبانگی یانەکە.
جۆزێ مۆرینیۆ سەرەڕای ئەوەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بێنفیکا هەیە، بەڵام مەرجێک لە گرێبەستەکەی هەیە پێشکۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، دەتوانێت بەرامبەر سێ ملیۆن یۆرۆ یانەکەیان جێبهێڵێت.
جۆزێ مۆرینیۆ لە وەرزی 2011-2012 لەسەر ئاستی ئیسپانیا كۆتایی بە باڵادەستی بارسێلۆنا هێنا نازناوی لالیگا بۆ ریال مەدرید بردەوە، لە یەک وەرزدا 32 سەركەوتنی بەدەستهێنا و زۆرترین بردنەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی تۆمار كرد (16) بردنەوە.