ترەمپ: بڕیار بوو سبەی هێرش بکەینەوە سەر ئێران
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لەسەر داوای راستەوخۆی سەرکردەکانی سعوودیە، ئیمارات و قەتەر، هێرشە سەربازییە پلانبۆداڕێژراوەکەی سبەی بۆ سەر ئێران راگرتووە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە حاڵەتی ئامادەباشی باڵادان بۆ هەر ئەگەرێک تا چانس بدرێتە دانوستانەکان، راشیگەیاند هەر رێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت گەرەنتی تەواو بدات کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، ئەو هێرشە سەربازییەی بڕیاربوو سبەی بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران راگیراوە، ئەوەش دوای دەستوەردان و داواکاریی راستەوخۆی سەرکردە باڵاکانی ناوچەی کەنداو.
ترەمپ ئاشکرای کرد، هەریەک لە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، شێخ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات داوایان لێکردووە هێرشە پلانبۆداڕێژراوەکە رابگرێت. بەگوتەی ترەمپ، ئەم سەرکردانە پێیان وایە "دانوستانی جددی لە ئارادایە" و دەکرێت رێککەوتنێک بێتە کایەوە کە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پەسند بێت.
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی هەر رێککەوتنێکی داهاتووی ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت رێککەوتنەکە گەرەنتی ئەوە بدات کە "ئێران بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی نەبێت".
سەرەڕای راگرتنی هێرشەکەی سبەی، ترەمپ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە حاڵەتی ئامادەباشی باڵادا هێشتووەتەوە. رایگەیاند فەرمانی بە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و دانیال کاین، سوپاسالاری وڵاتەکەی کردووە کە هێرشەکەی سبەی ئەنجام نەدەن، بەڵام جەختی لێکردوونەتەوە کە "ئامادەبن بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گشتگیر و بەرفراوان بۆ سەر ئێران لە هەر چرکەساتێکدا، ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجامێکی پەسند."
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانی بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دەقی نوێی دیدگاکانی ئێرانی داوەتە ئەمریکا، بەڵام هۆشداری دا، "هەردوولا کاتێکی زۆریان لەبەردەم نەماوە" بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (Axios)، پێشنیازە هەموارکراوەکەی ئێران کە شەوی یەکشەممە لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە گەیشتووەتە دەست ئەمریکا، تەنیا هەندێک گۆڕانکاریی رووکەشی تێدایە. هەرچەندە تاران لە دەقەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام هیچ بەڵێنێکی روونی تێدا نییە سەبارەت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم یان رادەستکردنی پاشکەوتە پیتێنراوەکانی ئێستا بە ئەمریکا.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە، ئەمریکییەکان، بە پێچەوانەی دەق و پێشنیازەکانی پێشووتر، لە دەقە نوێیەکەدا رازی بوون کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی دانوستاندا، بە شێوەییەکی کاتی سزاکانی سەر نەوتی ئێران سڕی بکات.