ماڵپەڕێک: تێچووی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران 85 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی (Iran War Cost Tracker) کە چاودێری تێچووەکانی جەنگ دەکات، خەرجییەکانی ئەمریکا لە ئۆپراسیۆنەکانی دژی ئێران لە ماوەی 79 رۆژی سەرەتای جەنگەکەدا، 85 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕە پارەیە تێچووی گواستنەوەی هێزەکان، رەوانەکردنی کەشتییە جەنگییەکان بۆ ناوچەکە و سەرجەم خەرجییە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەگرێتەوە. ئەم ژمارەیەش سێ هێندە زیاترە لەو 29 ملیار دۆلارەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن جوڵز هێرست، بەڕێوەبەری کاربەڕێکەری کاروباری دارایی لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) راگەیاندرابوو.
هاوکات، توێژەرانی زانکۆی براون ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایان کردووە، ئەم جەنگە باری دارایی بەکارهێنەرانی ئەمریکیشی گران کردووە؛ بە جۆرێک نرخی بەنزین بە رێژەی سەدا 51.4 و دیزڵ بە رێژەی سەدا 53.4 بەرزبووەتەوە. ئەم بازدانەی نرخ لە کەرتی وزەدا، تا ئێستا بە کۆی گشتیی زیاتر لە 42 ملیار دۆلار تێچووی زیادەی خستووەتە سەر شانی هاووڵاتیان، بە تێکڕا دەکاتە 322.47 دۆلار بۆ هەر خێزانێکی ئەمریکی.