نیویۆرک تایمز: ئێران ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکات
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئێران دەیان پێگەی مووشەکیی خۆی دووبارە کاراکردووەتەوە و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی بۆ چەندین شوێنی جیاواز گواستووەتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، تاران توانیویەتی توانای کارکردن بۆ 30 پێگەی مووشەکی لە کۆی 33 پێگە لەسەر درێژایی گەرووی هورمز بگەڕێنێتەوە، ئەمەش نیگەرانیی لای واشنتن دروستکردووە سەبارەت بە بەردەوامی هەڕەشەکان بۆ سەر هێڵی گشتیی کەشتیوانی و هێزە دەریاییەکان لە کەنداو.
هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران هێشتا نزیکەی %70ـی سەکۆ گۆڕاوەکان و نزیکەی %70ـی کۆگای مووشەکە بالیستی و کرووزەکانی پاراستووە، پێش دەستپێکردنی شەڕەکە هەیبووە. هەروەها %90ـی دامەزراوەکانی کۆگاکردن و هەڵدانی مووشەک لە ژێر زەوی، کە بە "شارە مووشەکییەکان" ناسراون، بەلایەنی کەمەوە بەشێکیان شیاوی بەکارهێنانن، سەرەڕای ئەو گورزانەی لە مانگەکانی رابردوودا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە.
بەرپرسانی ئاگادار لە هەڵسەنگاندنەکان دەڵێن؛ ئێران توانیویەتی سەکۆ گۆڕاوەکانی مووشەکی لە ناو هەندێک لە شوێنە زیانلێکەوتووەکاندا بەکاربهێنێت و مووشەکەکان لە نێوان بنکە جیاوازەکاندا بگوازێتەوە. هەروەها پێش هێرشەکان، بەشێک لە سەکۆ و مووشەکەکانی بۆ دەرەوەی پێگە جێگیرەکان گواستووەتەوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکان.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پێت هیگسێس، وەزیری جەنگی رایانگەیاندبوو تواناکانی ئێران تێکشکێندراون و بۆ چەندین ساڵ لەکارکەوتوون. بەڵام جەنەڕال براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، گومانی لە هەندێک لەو ژمارانە نیشانداوە کە سەبارەت بە تواناکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە و بە ناراست وەسفی کردوون.
ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئەمریکا لە ئەگەری هەرەسهێنانی ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان هەردوو لا. ترەمپ لەم دواییانەدا رایگەیاندبوو، هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ئێران دواخستووە، بەڵام جەختی کردەوە، هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ هێرشێکی گشتگیر ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا. پێنتاگۆنیش لە ئامادەکاری چڕدایە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، لە کاتێکدا ئێران بەردەوامە لە بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی و جوڵاندنی سەکۆ مووشەکییەکانی لە نزیک گەرووی هورمز.