سەڵاحەدین بەهائەدین: گفتوگۆکان کاتی زیاتریان پێویستە

دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی فازڵ میرانی رایگەیاند: ئەگەر ئیرادە هەبێت دەتوانڕێت ئەم دۆخە چەقبەستۆیە تێپەڕێندرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لە دوای کۆبوونەوەیان، هەر یێکە لە سەڵاحەدین بەهائەدین و فازڵ میرانی قسەیان بۆ رۆژنامەنووسان کرد.

سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: دڵخۆشین بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ مەسرور بارزانی و باڤڵ تاڵەبانی.

هەروەها گوتیشی: کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و دڵخۆشکەربوون، لەگەڵ ئەوشدا هەندێک کاتی دەوێت و هەروەها گفتوگۆی زیاتری پێویستە.

یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان پرسیاری ئاراستەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد، چاوەڕێ دەکەن دەستپێشخەرییەکەتان ئەنجامی هەبێت؟

سەڵاحەدین بەهائەدین"ئینشەڵڵا ئینشەڵڵا"

لەلای خۆیەوە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: هەر دەربارەی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی سەردانمان کردوون، ئەگەر ئیرادە هەبێت دەتوانڕێت ئەم دۆخە چەقبەستۆیە تێپەڕێندرێت.

هاوکات گوتیشی: پارتی دەیەوێت هاوکاری یەکگرتووی بکات بۆ سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە و ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.

فازڵ میرانی بە رۆژنامەنووسانی گوت" پرسیاری وردەکارییەکان نەکەن و ناچینە نێو وردەکارییەکانەوە" 

هاوکات دوێنێ دووشەممە، سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژـی کوردستان24 رایگەیاند: بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی ئایینی، نەتەوەیی و نیشتمانی، بە پێویستمان زانی دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەری ئەو دۆخە چەقبەستوویەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئامادە بکەین و هەر یێکە لە پارتی و یەکێتیی وەڵامی ئەرێنی دەستپێشخەرییەکەیان داوەتەوە.