ئەکسیۆس: ترەمپ مۆڵەتی چەند رۆژێکی داوەتە ئێران و بژاردە سەربازییەکانی تاوتوێ کردووە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، دوایین پێشنیازی ئێران هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستەوە نەداوە، ئەمەش پێچەوانەی جەختکردنەوەکانی دۆناڵد ترەمپە کە باسی لە هەبوونی گفتوگۆی جددی کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ مۆڵەتی چەند رۆژێکی دیکەی داوەتە تاران بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنی دیپلۆماتی.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، شەوی دووشەممە ترەمپ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی باڵای تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان. ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە هات ترەمپ رایگەیاندبوو هێرشە بڕیارلێدراوەکانی رۆژی سێشەممەی راگرتووە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، مۆڵەتەکە تەنیا "دوو بۆ سێ رۆژە، رەنگە تا هەینی یان شەممە، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت."

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن پێداچوونەوەی ترەمپ بە پلانە سەربازییەکان نیشانەی ئەوەیە بە جددی بیر لە دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکاتەوە. بەرپرسان دەڵێن؛ ترەمپ پێش راگەیاندنی راگرتنی هێرشەکە، بڕیاری کۆتایی بۆ لێدانی ئێران نەدابوو، بەڵام رۆژی سێشەممە رایگەیاند؛ تەنیا "یەک کاتژمێر" دوور بووە لە دەرکردنی فەرمانەکە.

کۆبوونەوەکەی شەوی دووشەممە بە ئامادەبوونی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هیگسێت وەزیری جەنگی، دان کین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری CIA و چەندین بەرپرسی دیکە بەڕێوەچوو. تێیدا جەخت لەسەر رێڕەوی جەنگ لەگەڵ ئێران، دوایین گۆڕانکارییە دیپلۆماتییەکان و پلانە جیاوازەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران کراوەتەوە.

بەشێک لە هۆکاری چاوەڕێکردنی ترەمپ بۆ نیگەرانیی سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو دەگەڕێتەوە، کە ترسیان هەبووە ئێران وەک وەڵامدانەوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانی وڵاتەکانیان، بۆیە داوایان لە ترەمپ کردووە دەرفەتی زیاتر بە دیپلۆماسییەت بدات.

ئێستا ناوەندەکان هەوڵ دەدەن ئێران بەرەو هەڵوێستێکی نەرمتر ببەن لەبارەی داواکارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا جۆرێک لە شڵەژان و ناڕوونی لە ناوخۆی ئیدارەی ئەمریکادا هەیە سەبارەت بەو ئاراستەیەی کە ترەمپ لە کۆتاییدا هەڵی دەبژێرێت.