رۆژنامەیەکی ئەمریکی پەردە لەسەر پلانێکی نهێنی دژ بە ئێران هەڵدەماڵێت
نیویۆرک تایمز: ترەمپ و ناتانیاهۆ پلانیان هەبووە بە گەڕاندنەوەی ئەحمەدی نەژاد دەسەڵاتی ئێران بگۆڕن
رۆژنامەیەکی ئەمریکی، پەردە لەسەر زانیاریی هەواڵگریی پلانێکی هاوبەش و نهێنی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ هەڵدەماڵێت، کە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران دایانڕشتبوو. بە گوێرەی پلانەکە بەنیازبوون مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، وەک جێگرەوەیەک بۆ دەسەڵاتی ئێستای تاران بگەڕێن.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی سەرچاوە ئەمریکییەکان، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا" هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێکی کردووەتە سەر ماڵی ئەحمەدی نەژاد لە تاران، بەڵام ئامانجی هێرشەکە کوشتنی ئەو ئەندامانەی سوپای پاسداران بووە کە ئەحمەدی نەژادیان لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کردبوو، بۆ ئەوەی رێگە بۆ ئازادکردنی خۆش بکەن، بەڵام لە هێرشەکەدا ئەحمەدی نەژاد بریندار بووە و لەو کاتەوە شوێن و باری تەندروستی بە نەزانرای ماوەتەوە.
هەرچەندە ئەحمەدی نەژاد پێشتر بە هەڵوێستە توندڕەکانی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل ناسراوە، بەڵام نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی رەخنەکانی لە حکوومەت و ناکۆکی لەگەڵ رێبەری باڵا، لای تاران بە مەترسی و بە پێچەوانەشەوە لەلایەن واشنتنەوە بە کەسێکی واقیعبین بینراوە.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، پلانە هاوبەشەکەی ترەمپ و ناتانیاهۆ بۆ ئێران، هاوشێوەی گۆڕینی دەسەڵاتی ڤەنزوێلا بووە، تێیدا هەوڵدراوە کەسایەتییەک بدۆزرێتەوە توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆیی و سەربازیی ئێرانی هەبێت.
ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، دەڵێت: ئامانجە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بریتیبوون لە تەواو تێکشکاندنی توانای مووشەکی، دەریایی و ئەتۆمی ئێران. هاوکات لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کرایە ئامانج.
نیویۆرک تایمز نووسیویەتی "سەرەڕای کوژرانی رێبەری باڵا، پلانەکەی ئیسرائیل بۆ رووخاندن وگۆڕێنی دەسەڵات و دامەزراندنی حکوومەتی جێگرەوە بە سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاد، وەک پێویست بەڕێوە نەچوو.
هەر لە بارەی پلانە هاوبەشەکەی ترەمپ و ناتانیاهۆ، بەشێک لە یاریدەدەرانی ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکی پێشتر گومانیان لە سەرکەوتنی ئەو پلانە هەبووە و بڕیارێکی نابەجێیان وەسفکردووە، بەتایبەت کە دەسەڵاتی ئێران توانیویەتی لە سەرەتای جەنگدا خۆی رابگرێت.
نیویۆرک تایمز ئاماژەیداوە، تا ئێستا مۆساد ئامادە نییە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم پلانە یان پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ ئەحمەدی نەژاد بدات، کە پێش دەستپێکردنی جەنگ گەشتی بۆ چەند وڵاتێکی نزیک لە ئیسرائیل کردووە.
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ئەمریکا بە هاوبەشی ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکرد، تێیدا ژمارەیەک سەرکردەی ئێران کوژران و بەگوێرەی ئامارەکانی تاران زیاتر لە 3 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لە بەرانبەریشدا ئێران هێرشی ئەنجامداوە و بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک ئەمریکی و ئیسرائیلی.