لیندزی گراهام بۆ ترەمپ: ئێران یاری بە کات دەکات
لیندزی گراهام: ئێران تەنیا دەیەوێت دانوستانەکان دوابخات
ئەمرۆ چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، لیندزی گراهام سیناتۆری ئەمریکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "هیوادارم و چاوەڕێ دەکەم، دوای چەندین مانگ لە دانوستان لەگەڵ ئێرانییەکان، ئیدارەی ترەمپ هەر هەوڵێکی ئێران بۆ دووبارە دواخستنەوەی دانوستانەکان رەت بکاتەوە. دەسەڵاتەکە چەندین مانگی لەبەردەست بوو بۆ ئەوەی بگاتە رێککەوتن، بەڵام بۆ من روونە کە ئەوان خەریکی یاری کردنن."
هەروا دەشڵێت: "من پێم باشە چارەسەرێکی دیپلۆماسی هەبێت، بەڵام کۆنترین فێڵی ئێران بریتییە لە: دواخستن، دواخستن و دواخستن."
سەبارەت بە هەر رێککەوتنێکی ئەگەریش، ئەو سیناتۆرە گوتی: "بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێم لە ئەنجوومەنی پیران پێداچوونەوەی بۆ بکەم."
لە 8ـی نیسان لە دوای چەند گفتوگۆیەک ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا کارا کرا، بەڵام لە دوای شکستهێنانی دانوستانی دووم لە نێوان ئەو دووڵاتە لە پاکستان ئەمریکا لە 13ـی نیسانی رابردووەوە گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، لەوانەش گەرووی هورمز کە شا دەماری وزەی جیهانە، ئێران وەک وەڵامێک رێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان کردووە لەو گەرووەدا مەگەر بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە مەترسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئاگربەستە هەیە کە لە 8ـی نیسانەوە کارایە.
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ئەمریکا بە هاوبەشی ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکردووە، بەگوێرەی ئامارەکانی تاران زیاتر لە 3 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لە بەرانبەریشدا ئێران هێرشی ئەنجامداوە و بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک ئەمریکی و ئیسرائیلی.