جێمینای دەچێتە نێو چاویلکە

گوگڵ شۆڕشێکی نوێ لە بواری ژیریی دەستکرد رادەگەیەنێت

کۆمپانیای گوگڵ دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە شکستی پڕۆژەی "گوگڵ گڵاس"، جارێکی دیکە بەرهەمهێنانی چاویلکەی زیرەک رادەگەیەنێتەوە.

 ئەم چاویلکە نوێیە کە بڕیارە لە وەرزی پایزی ئەمساڵدا بکەوێتە بازاڕەوە، سوود لە تواناکانی ژیریی دەستکردی "جێمینای" وەردەگرێت و شێوازێکی جیاواز لە پەیوەندیی و کارلێک پێشکەش بە بەکارهێنەران دەکات.

تایبەتمەندییەکانی چاویلکە نوێیەکە

گوگڵ لە میانی کۆنفرانسی ساڵانەی گەشەپێدەرانی خۆیدا، پەردەی لەسەر ئەم بەرهەمە لادا. چاویلکەکە کامێرایەکی بچووک لە دەسکی چاویلکەکەدا لەخۆ دەگرێت، ئەمەش رێگە بە ژیریی دەستکردی "جێمینای" دەدات راستەوخۆ لەگەڵ بەکارهێنەردا بدوێت. چاویلکەکە بە دوو ستایلی جیاواز کە لەلایەن کۆمپانیاکانی (Warby Parker) و (Gentle Monster) دیزاین کراون، دەخرێتە روو.

شەهرام ئیزادی، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گوگڵ، لە میانی کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: "ئەم چاویلکەیە بە جۆرێک دروست کراوە کە یارمەتیت بدات بەبێ بەکارهێنانی دەستەکانت و بە سەربەرزییەوە (Heads up) کارەکانت بکەیت." ئاماژەی بەوەش کرد کە چاویلکەکە لەگەڵ هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس (iOS) کار دەکات.

مێژوویەکی پڕ لە رەخنە و هەوڵێکی نوێ

گوگڵ لە ساڵی 2013 پڕۆژەی "گوگڵ گڵاس"ی راگەیاند، بەڵام تەنیا دوای دوو ساڵ و لە ساڵی 2015دا بەهۆی رەخنەی زۆر لەسەر نرخە گرانەکەی و نیگەرانییەکان سەبارەت بە پاراستنی تایبەتمەندی و نهێنییەکانی خەڵک، پڕۆژەکەی راگرت.

ئیزادی روونیکردەوە کە چاویلکە نوێیەکە وەک جێگرەوەیەک بۆ شاشە کار دەکات، بە شێوەیەک کە زانیارییەکان لە جیاتی ئەوەی لەسەر شاشە نیشان بدرێن، لە رێگەی دەنگەوە بۆ ناو گوێی بەکارهێنەر دەگوێزرێنەوە. گوگڵ کار لەسەر جۆرێکی دیکەش دەکات کە شاشەی لەناو هاوێنەی چاویلکەکەدا دەبێت، بەڵام هێشتا کاتی بڵاوکردنەوەی دیار نییە.

کێبڕکێ و نیگەرانییەکان

هەوڵە نوێیەکەی گوگڵ لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای "مێتا" بە هاوکاری "رای بان" چاویلکەی زیرەکیان خستووەتە بازاڕەوە و تا ئێستا 7 ملیۆن دانەیان لێ فرۆشتووە. بەڵام هەمان ئەو نیگەرانییانەی 10 ساڵ لەمەوبەر هەبوون، ئێستا سەرهەڵدەدەنەوە؛ خەڵک بەبێ ئاگاداری خۆیان لە شوێنە گشتییەکاندا وێنە و ڤیدیۆیان دەگیرێت.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای سناپ چات (Snap) و ئەپڵ (Apple)ـیش کار لەسەر بەرهەمهێنانی چاویلکەی هاوشێوە دەکەن. کریستین تسای، وەبەرهێنەر لە کۆمپانیای "500 Global" دەڵێت: "گەڕانەوەی گوگڵ بۆ ئەم بوارە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ بەکارهێنەران و گەشەپێدەران، چونکە چاویلکەی زیرەک دەبێتە پلاتفۆرمێکی نوێ دوای سەرکەوتنی مۆبایلە زیرەکەکان."

ئەنیل شا، گەشەپێدەرێکی ئەپڵیکەیشنەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم چاویلکەیە دەتوانێت خزمەتگوزارییەکانی وەک "گوگڵ ماپس" و "گوگڵ ڤۆیس" بە شێوەیەکی ئاسانتر بگەیەنێتە دەست بەکارهێنەر، بە جۆرێک تەنیا بە قسەکردن و بەبێ کردنەوەی هیچ ئەپڵیکەیشنێک، کارەکان رایی بکرێن.