وەزارەتی دادی ئەمریکا پارێزبەندی هەمیشەیی دەداتە ترەمپ و خێزانەکەی
وەزارەتی دادی ئەمریکا پارێزبەندییەکی هەمیشەیی بەخشییە دۆناڵد ترەمپ و ئەندامانی خێزانەکەی، بۆ ئەوەی چیتر لەلایەن فەرمانگەی داهاتە ناوخۆییەکانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە و پشکنینی راپۆرتە باجە کۆنەکانیان نەبنەوە.
چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، تود بڵانش کە بە وەکالەت ئەرکی داواکاری گشتی ئەمریکای لەسەر شانە، رۆژی سێشەممە ئەو بەڵگەنامەیەی واژۆ کرد کە بە فەرمی بڵاوکرایەوە.
لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، حکوومەتی ئەمریکا مافی ئەوەی نابێت پشکنین بۆ راپۆرتە داراییەکانی ترەمپ بکات کە پێش رۆژی دووشەممەی رابردوو پێشکەش کراون، هەروەها ناتوانێت دەست بۆ هیچ کێشەیەک ببات کە پێشتر باسکراون یان دەکرا باس بکرێن.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی داد دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە گەیشتە رێککەوتن لەگەڵ فەرمانگەی داهاتە ناوخۆییەکان، لەبەرانبەر ئەم پارێزبەندییەدا، ترەمپ رازی بوو سکاڵا یاساییەکەی دژی ئەو فەرمانگەیە بکێشێتەوە، کە تیایدا داوای 10 ملیار دۆلار قەرەبووی دەکرد لەبەرانبەر دزەپێکردنی زانیارییە باجەکانی.