سەرۆکی کۆریای باشوور: ئیسرائیل هەموو سنوورەکانی بەزاندووە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەستگیرکردووە، دەشڵێت، "ئیسرائیل هەموو سنوورێکی بەزاندووە".
سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسای نێودەوڵەتی ئەو هاووڵاتیانەی دەستبەسەر کردووە، گوتیشی، "ئایا دەکرێت رێگە بدرێت کارێکی لەو شێوەیە بەبێ ناڕەزایەتی دەربڕین تێپەڕێت؟".
سەبارەت بە سزادانی بەرپرسانی ئیسرائیل، لی جای میونگ باسی لەوە کرد، چەندین وڵاتی ئەوروپی بەنیازن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەپێی ئەو بڕیارەی لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە دەرکراوە دەستگیربکەن، بەڵام جەختیشی کردەوە، پێویستە سیئۆل خۆی بڕیاری سەربەخۆی لەو بارەیەوە هەبێت.
ئەم گرژیانە دوای ئەوە دێن کە دوێنێ سێشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل رێگرییان لە 50 کەشتیی و بەلەمی سەر بە کەشتیگەلی سەرکەوتنی جیهانی کرد کە لە تورکیاوە بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە بەڕێکەوتبوون، تێیدا 430 چالاکوانی 40 وڵاتی جیاواز دەستگیرکران.
ئیدارەی کەشتیگەلەکە رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە دوو بەلەم کردووە، لە کاتێکدا تەلئەڤیڤ ئەو هەواڵەی رەتکردووەتەوە.
هاوکات، رێکخەرانی کەشتیگەلی سەرکەوتنی جیهانی ئاشکرایان کرد، زیاتر لە 87 چالاکوان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە رفاندنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە و بۆ پاڵپشتیی لەگەڵ 9 هەزار و 500 بەندکراوی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
کەشتیگەلەکە لە راگەیەندراوێکدا داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد، بە شێوەیەکی دەستبەجێ و بێ مەرج سەرجەم چالاکوانەکان و زیاتر لە 9 هەزار "بەندکراوی سیاسیی فەلەستینی کە بە ناهەق دەستبەسەرکراون" ئازاد بکەن، کە بە گوتەی ئەوان رووبەڕووی سیستمێکی رێکخراوی تیرۆری دەوڵەتی بوونەتەوە، هەروەها داوای راگرتنی دەستبەجێی جینۆساید و کۆتایهێنان بە گەمارۆی سەر کەرتی غەززەیان کرد.