قالیباف: ئامادەین بۆ جەنگ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداری دا جووڵە ئاشکرا و نهێنییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نیشانەی ئامادەکارییە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ، هاوکات ڕایگەیاند ئەوان بەو هیوایەن وڵاتەکەمان خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام جەختی کردەوە کە تاران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ناچێتە ژێر باری فشارەکان.

چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ گەلی وڵاتەکەی رایگەیاند, "جووڵەکانی دوژمن نیشانەی ئەوەن کە بەدوای دەستپێکردنەوەی جەنگ دەگەڕێن، بەڵام خەڵک دەبێت دڵنیا بن کە هێزە چەکدارەکانمان دەرفەتی ئاگربەستەکەیان بە باشترین شێوە بۆ بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی تواناکانیان بەکارهێناوە." هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە "هەر دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر ئێران، وایان لێ دەکەین پەشیمان ببنەوە."

قالیباف گوتی: ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی بەردەوامبوونی فشارە ئابوورییەکان و ئەو ئابڵۆقە دەریاییەی کە لە 13ـی نیسانەوە خراوەتە سەر ئێران، وڵاتەکە ناچار بکات بەدەم "داواکارییە زێدەڕۆکانی" واشنتنەوە بچێت. گوتیشی: "ئێران لە ژێر هیچ جۆرە فشارێکدا تەسلیم نابێت و پێویستە ئامادەکارییەکانمان بۆ وەڵامێکی توند و کاریگەر بۆ هەر هێرشێکی ئەگەری بەهێزتر بکەین."

قالیباف رایگەیاند: "ئەمڕۆ ڕوونترە لە هەموو کاتێک کە ئێمە لە (جەنگی ئیرادەکان)داین. هەر لایەنێک لەم جەنگەدا سەربکەوێت، مێژووی ئێران دەنووسێتەوە و داهاتووی ئەم وڵاتە دیاری دەکات."

ئاماژە بەوە کرد کە ئەگەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەرەو جەنگێکی تر هەنگاو بنێت (کە بە Hillbilly 2 ناوزەند دەکرێت)، ئەوا جارێکی تر هەژاران و پشتگوێخراوەکانی ئەمریکا دەبێت باجی ئەو جەنگە بدەن، تەنیا بۆ بەرژەوەندی "بازرگانانی جەنگ" و خاوەن کۆمپانیا گەورەکان، لە کاتێکدا دۆخی ئابووری ناوخۆی ئەمریکا خۆی لە قەیراندایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دووشەممە 18ی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانی بڵاوی کردبووەوە، وڵاتەکەی دەقی نوێی دیدگاکانی ئێرانی داوەتە ئەمریکا، بەڵام هۆشداری دابوو، "هەردوولا کاتێکی زۆریان لەبەردەم نەماوە" بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان.