کونسوڵی پێشووی کۆریای باشوور ستایشی کوردستان24 دەکات

"رۆژانە وێبسایتی کوردستان24 سەرچاوەی سەرەکیی هەواڵەکانمە"

کونسوڵی گشتیی پێشووی کۆماری کۆریای باشوور لە هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکدا وێڕای ستایشکردنی ئاستی پیشەییبوونی کەناڵی کوردستان24، ستایشی خێرایی و وردبینی کەناڵەکە دەکات لە گواستنەوەی رووداوەکاندا.

کەناڵی کوردستان24، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ سینگچۆل لیم، کونسوڵی گشتیی پێشووی کۆماری کۆریای باشوور لە هەولێر ئەنجامداوە و بڕیارە تەواوی چاوپێکەوتنەکە شەوی شەممە بڵاو بکرێتەوە، دیپلۆماتکارە کۆرییەکە باس لە چەندین تەوەری گرنگی پەیوەست بە کارکردنی دیپلۆماسی و ئەزموونی کەسیی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

لە سەرەتای قسەکانیدا، سینگچۆل لیم خۆشحاڵی و شانازی خۆی دەربڕی بەوەی کە بەر لە ماڵئاواییکردن و جێهێشتنی کوردستان، دوایین چاوپێکەوتنی میدیایی لەگەڵ دامەزراوەی کوردستان24 ئەنجام داوە. 

ستایشی بێوێنەی کەناڵەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان24 خاوەنی تایبەتمەندییەکی پیشەیی بەرزە، ئەویش "خێرایی و دیققەتی تەواوە لە ڕووماڵکردن و گەیاندنی هەواڵەکاندا".

هەروەها ئاشکرای کرد کە، بەردەوام سەردانی وێبسایتی بەشی ئینگلیزیی کوردستان24 دەکات و رۆژانە سەرچاوەی سەرەکی خوێندنەوەی هەواڵەکانیەتی.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، کونسوڵی پێشووی کۆریای باشوور لاپەڕەکانی ئەزموونی دوو ساڵ و نیوی کارکردنی لە هەولێر هەڵدایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کە لەو ماوەیەدا سەردانی زۆرێک لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و وانەی زۆر گرنگی لەو ئەزموونە فێر بووە.

بە تێڕوانینی ئەو دیپلۆماتکارە، هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی دەوڵەمەندە و دەتوانرێت لە چوار خەسڵەتی سەرەکیدا پێناسە بکرێت:


1- هەمەچەشنی و هەمەڕەنگی، کە جوانییەکی تایبەتی بە هەرێمەکە بەخشیوە.

2- میواندۆستیی بێوێنەی خەڵکی کوردستان کە هەمیشە دەرگایان کراوەیە.

3- بوونی خەڵکانێکی زۆر زیرەک و لێهاتوو کە سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیین بۆ داهاتوو.

4- خۆڕاگریی گەلی کوردستان، کە وەک ئەو باسی کرد، گەلێکن بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە توانیویانە رووبەڕووی سەخترین قەیرانەکان ببنەوە و بە سەرکەوتوویی تێیان بپەڕێنن.