بەقایی: ئەوەی لە ئەمریکا دەمانەوێت داواکاری نییە بەڵکو مافە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەستی هیچ وڵاتێکی دیکە بکات، هاوکات جەختی کردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتە هۆی دروستبوونی یەکڕیزییەکی بێوێنە لە ناوخۆی ئێراندا.

چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (فۆلیا دی ساوپاولۆ)ی بەڕازیلی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە لایەنە ئەرێنییەکانی جەنگ ئەوە بووە کە گەلی ئێرانی تێگەیاندووە چەندە دەتوانن لەبەرانبەر دوژمنی دەرەکی یەکگرتوو بن. گوتیشی: "رەنگە لە ناوخۆدا جیاوازی و ناکۆکیمان هەبێت، بەڵام کاتێک پرسەکە دەگاتە بەرگری لە نیشتمان لەبەرانبەر دەستدرێژیکار، هەموومان دەبینە یەک دەست."

سەبارەت بە دانوستانەکان کە لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە بەڕێوە دەچن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رەخنەی لە داواکارییەکانی ئەمریکا گرت و ئاماژەی دا، "ئەمریکا داواکاری زۆری هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ بۆچی دەبێت ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رەوانەی وڵاتێکی تر بکات؟" دووپاتی کردەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان 100% ئاشتییانەیە و ئەوەی تاران داوای دەکات "مافە" نەک "داواکاری".

بەقایی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری سەرەکیی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە و داخرانی رێڕەوە ئاوییەکان زانی. رایگەیاند: "پێویستە هەمووان ئەوەیان لە بیر بێت کە گەرووی هورمز پێش 28ی شوبات و پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە تەواوی کراوە بوو."