بۆچی 250 دیناری لە 50 هەزار دیناری بەهادارترە؟
لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، حاڵەتێکی نامۆ و دەگمەن سەرنجی هەموانی راکێشاوە، ئەویش بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 250 دیناری بە بەهای 115 هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
ئێستا بەهای ئاسایی 100 دۆلاری ئەمریکی نزیکەی 153 هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر بتەوێت ئەو 100 دۆلارە بکەیتە دراوی 250 دیناری نوێ، ئەوا تەنیا بە 115 هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئەمەش واتە بەهای کڕینی 100 دۆلار بە دراوی بچووک 38 هەزار دینار جیاوازی هەیە.
لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، یەکێک لە ئاڵوگۆرکارانی دراو بەناوی کاوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو 250 دینارانەی کە پێی دەڵین بلۆک، لە هەردوو جەژنەکان خواستێکی زۆری لەسەرە، گوتیشی، پێشبینی دەکەم دوو رۆژ بەر لەجەژن 100 هەزار لەو 250ـییە بگاتە 100 دۆلار ئەمەش زیاتر بۆ دیارییە کە دەدرێتە منداڵان.
لەبارەی 250 دیناری کۆن ئاماژەی بەوەش کرد، هاووڵاتیان بۆ مارکێت و پاس پێویستان پێ هەیە، یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە چاپی کەمە، دراوەکە کۆنە زوو دەڕزێت و لەناو دەچێت. دەشلێت، 145 هەزار تا 150 لەو 250 دینارە کۆنانە بە 100 دۆلارە. هۆکارەکەش خواستی زۆر لەسەرە و خستنەڕووشی نییە.