ساسان عەونی: سوودمەندبووانی قۆناخی یەکەم زەویەکانیان تاپۆ دەکرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قۆناخێکی دیکەی تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەدەچێت کە تێیدا زیاتر لە 6,500 پارچە زەوی لە ناوچەی جەژنیکان ئامادەکراون.
وەزیری شارەوانی وردەکاریی دابەشکردنی زەوییەکانی راگەیەند و گوتی: 3 هەزار و 500 پارچە زەوی تایبەت کراوە بە تیروپشکی فەرمانبەران. 3 هەزار پارچەکەی دیکە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن مافەکان تەرخانکراوە.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوە کرد کە لە شەش قۆناخی رابردوودا، 38 هەزار و 400 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرابوو، بە پرۆسەکەی ئەمڕۆشەوە کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی زەوییان وەرگرتووە و لێی سوودمەند بوون، دەگاتە زیاتر لە 42 هەزار فەرمانبەر.
گوتیشی: "لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر نزیکەی 82 هەزار فەرمانبەر بە هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە. خۆشحاڵین کە تا ئێستا 50%ی ئەوانەی بڕیارەکەیان بۆ دەرچووە زەوییان پێدراوە، فەرمانبەرانی دیکەش دڵنیا دەکەینەوە کە لە قۆناخەکانی داهاتوودا زەوی بەوانەش دەدرێت کە ناویان گەڕاوەتەوە."
سەبارەت بە نیگەرانیی هاووڵاتیان لە درێژەکێشانی پرۆسەی تاپۆکردن، وەزیر رایگەیاند، هەرچەندە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و کاتبەرە، بەڵام فەرمانگەکان هەوڵێکی باشیان داوە و قۆناخی باش بڕدراوە، راشیگەیاند، "ئەوانەی لە قۆناخی یەکەمدا زەوییان پێدراوە، بەم زووانە تاپۆکانیان تەواو دەبێت و رادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی بچن بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن."
لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری شارەوانی تیشکی خستە سەر کارەکانی چوار ساڵی رابردووی وەزارەتەکەی و گوتی: فەرمانگەیەکی تایبەتمان بە ناوی "یەکەی گۆڕینی کارت بۆ سەنەد" دامەزراندووە بە مەبەستی گۆڕینی 90 هەزار کارت بۆ سەنەدی تاپۆ، لە ئێستا زۆربەی ئەو کارتانە کراونەتە سەنەد و تەنیا ژمارەیەکی کەمیان ماوە، هاوکات جەختی کردەوە، کە هەمان یەکە کار لەسەر زەوییەکانی فەرمانبەرانیش دەکات بۆ ئەوەی کارتەکانی ئەوانیش بکرێنە سەنەدی فەرمی.