حەوتەمین کاروانی ئاوارەکانی عەفرین دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا بۆ زێدی باوباپیرانیان بەردەوامە، حەوتەم کاروانی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای حەسەکە و شاری قامشلۆوە بەرەو عەفرین بەڕێکەوتوون.

ئەم کاروانەی ئاوارەکان ساڵانێکی زۆرە لە دەڤەری جزیرێ نیشتەجێن، ئێستا بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرەو "چیای کرمانج" دەگەڕێنەوە؛ بەڵام یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو کاروانە ئاوارەیەک بوو بە ناوی کەمال حەسەن کە بە قەفەسێکەوە سەرکەوتووەتە نێو پاسێک بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە زێدی خۆی.

حەسەن بە دەم گریانەوە باسی گەڕانەوەی بۆ عەفرین کرد و گوتی: "ئەم باڵندانە 8 ساڵە لەگەڵمن، لە عەفرین بەخێوم کردوون و ئێستا دەیانبەمەوە بۆ ئەوێ، ئێمە زۆر دڵخۆشین، ناتوانم بە وشە ئەم هەستە دەربڕم، هەرچەندە قامشلۆ و شارەکانی دیکەش وڵاتی ئێمەن، بەڵام عەفرین بەهەشتی ئێمەیە.

هەروەها ئافرەتێک بە ناوی ئایشە گەدرۆ، بە دڵێکی خۆشەوە سەرکەوتە نێو پاسی گەڕانەوەیان عەفرین، ئاماژەیدا، دڵیان هەمیشە لە عەفرین بووە و گوتیشی: "هەشت ساڵە لە حاڵ و ماڵی خۆمان دوورین، ئەمڕۆ بە خۆشی و خۆشحاڵییەوە دەگەڕێینەوە سەر خاک و ماڵ و موڵکەکانمان. با ئەم گەڕانەوەیە ئاهەنگێک بێت بۆ هەموومان".

هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی مەدەنی عەفرین، ئیبراهیم هەفتارۆ، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوە و ژمارەی دیکەی ئاوارەکانی عەفرین، گوتی: "زیاتر لە هەزار و 500 خێزان لە قامیشلۆ، دێریک، گرکێلەگ و عامودا گەڕاونەتەوە عەفرین. ئێستاش ژمارەی ئەو خێزانانەی چوونەتە ناو عەفرین نزیکەی حەوت هەزار کەسن، ئەمە حەوتەمین کاروانی ئاوارەکانە دەگەرێنەوە زێدی حۆیان، هاوکات بەم زووانە کاروانی هەشتەم ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی هەموو عەفرینییەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکەکانیان”.

کاروانەکە درەنگانی شەو قامشلۆی بەجێهێشت و بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردی بەڕێکران. هەرچەندە رێگاکە درێژ و سەختە، بەڵام منداڵان و گەنجان و بەساڵاچووان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی هەیشتنەوە عەفرین دەکەن.

ئەم پرۆسەی گەڕانەوەیە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا بەڕێوەدەچێت لە 29ی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا لە دیمەشق واژۆ کراوە. لەو کاتەوە هەردوولا لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین لە جزیرێ و کۆبانێ رێککەوتوون.

پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کاروانێکی نوێی گەڕانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنە مەدەنییەکان رێکبخرێت تا کێشەی کۆچ بە تەواوی چارەسەر دەبێت.