تەسنیم: سەرنجی دانوستانەکان تەنیا لەسەر کۆتاییهێنانی جەنگە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تیمی دانوستانکار بە ئاژانسی (تەسنیم)ی راگەیاند گفتوگۆکان لەسەر خاڵە ناکۆکەکان هێشتا بەردەوامن و تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی کۆتایی بەدەست نەهاتووە، جەختیش دەکاتەوە کە پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە پێشینەی کارەکاندایە و بەبێ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە، هیچ پرسێکی دیکە تاوتوێ ناکرێت.
هەینی 22ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تیمی دانوستانکار بە ئاژانسی (تەسنیم)ی راگەیاند، "هەندێک بەرەو پێشچوون لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لە چاو پێشتر بەدی دەکرێت، بەڵام بنەمای ئێمە ئەوەیە کە (تا لەسەر هەموو شتێک رێککەوتن نەکرێت، لەسەر هیچ شتێک رێککەوتن نەکراوە)، بۆیە تا کۆدەنگی لەسەر هەموو خاڵەکان دروست نەبێت، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکرێت."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە رۆڵی نێوەندگیرەکان کرد و رایگەیاند: "نێوەندگیری پاکستانی بەردەوامە لە ئاڵوگۆڕکردنی پێشنیازەکان و گواستنەوەی بابەتەکان لە نێوان لایەنەکاندا بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان."
سەبارەت بە ئەولەویەتی دانوستانەکان، سەرچاوەکە جەختی کردەوە: "ئێستا تەواوی سەرنج لەسەر پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگە ؛ تا کاتێکیش ئەم پرسە بە تەواوی یەکلایی نەبێتەوە، هیچ بابەتێکی دیکە ناخرێتە سەر مێزی گفتوگۆکان."
هەرچەندە ئاماژە بە هەبوونی هەندێک پێشکەوتن دراوە، بەڵام سەرچاوەکە روونی کردەوە، "راوێژ و گفتوگۆکان لەسەر خاڵە ناکۆکەکان هێشتا بەردەوامییان هەیە، بەڵام لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆتایی."
ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە لە میدیاکانی رۆژئاواوە بڵاو دەکرێنەوە و گوتی: "ئەو دەقانەی کە هەندێک سەرچاوەی رۆژئاوایی دەربارەی وردەکاریی لێکتێگەیشتنەکان بڵاویان کردووەتەوە، ورد و دروست نین."
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، تیمێکی دانوستانکاری قەتەری بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە تاران. ئامانجی سەرەکیی ئەم شاندە یارمەتیدانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی (AFP) لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاوی کردەوە، عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان، بە سەردانێکی فەرمی وڵاتەکەی بەرەو تاران جێهێشتووە. بڕیارە مونیر زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرکردایەتیی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان.
چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، ئاژانسی تەسنیم، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران ئاشکرای کردبوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە، دەقێکی نوێی پێشنیازەکانی بۆ تاران ناردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئێران.
هەر چوارشەممە، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژ و پڕ لە گرژی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پەردە لەسەر ناکۆکییەکی قووڵ لادرا سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس)، ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا ناتانیاهۆ ئاگادار کردبووەوە نێوەندگیرە ناوچەییەکان (قەتەر و پاکستان) خەریکی داڕشتنی نامەیەکی نیازپاکین بۆ ئەوەی لەلایەن واشنتن و تارانەوە واژۆ بکرێت. ئامانجی ئەم نامەیە کۆتاییهێنانی فەرمییە بە جەنگ و دەستپێکردنی قۆناغێکی 30 رۆژەی دانوستانە لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز.
دووشەممە 18ی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانی بڵاوی کردبووەوە، وڵاتەکەی دەقی نوێی دیدگاکانی ئێرانی داوەتە ئەمریکا، بەڵام هۆشداری دا، "هەردوولا کاتێکی زۆریان لەبەردەم نەماوە" بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان.