ئەکسیۆس: ترەمپ پێشنیازی کردووە گورزی کۆتایی لە ئێران بدات
ماڵپەڕی هەواڵی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران زۆر ماندووکەرن و تا ئێستا پێشکەوتنێکی گەورەیان بەخۆوە نەبینیوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆناڵد ترەمپ بێزار بووە و پێشنیازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گەورەی کۆتایی کردووە بۆ راگەیاندنی سەرکەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەینی 22ـی ئایاری 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاندووە: "دانوستانەکان زۆر ماندووکەرن و رەشنووسەکان رۆژانە دەستاودەست دەکرێن بێ ئەوەی پێشکەوتنێکی بەرچاو هەبێت." هەروەها سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر بێزار بووە و ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گەورەی وەک کۆتا هەنگاو خستووەتە روو".
لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، سەردانەکەی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، بەواتای گەیشتن بە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا نایەت، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، پرسی گەرووی هورمز و ئەوەی واشنتن بە "گەمارۆی دەریایی" ناوی دەبات، دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت، هەروەها گوتیشی: "لە ئێستادا باسی وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەتۆمی ناکەین و سەرنجمان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگە لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان".
لە لایەکی دیکەوە عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، وەک ناوبژیوان گەیشتە تاران، هاوکات سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە شاندێکی دانوستانکاری قەتەری بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووەتە تاران بۆ یارمەتیدانی لایەنەکان لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە ئاگربەستێکی لەرزۆک لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، دوای ئەوەی لە 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا دانوستانەکان بە ناڕوونی ماتەوە و ئەمریکا بەردەوامە لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، لە بەرانبەردا تارانیش گەرووی هورمزی بە داخراوی هێشتووەتەوە.