بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا دەستی لە کار کێشایەوە
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا (DNI) بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ راگەیاند، هاوکات سەرۆکی ئەمریکاش سوپاسی کارەکانی کرد و رایگەیاند ئارۆن لوکاس بە شێوەی بە وەکالەت ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ.
تۆڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا (DNI)، ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئایاری 2026، بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ راگەیاند، بڕیارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گابارد لە نامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە بۆ تێکچوونی باری تەندروستیی هاوسەرەکەی دەگەڕێتەوە، کە تووشی جۆرێکی زۆر دەگمەنی شێرپەنجەی ئێسک بووە. گابارد نووسیویەتی: "ویژدانم رێگەم پێنادات هاوسەرەکەم لەم جەنگە سەختەدا بە تەنیا جێبهێڵم، لە کاتێکدا من لەم پۆستە پڕ لە بەرپرسیارێتی و کاتکوژەدا بەردەوام بم."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا، سوپاسی کارەکانی گاباردی کرد لە ماوەی ساڵ و نیوێکی رابردوودا و رایگەیاند کە ئەو "کارێکی نایابی" ئەنجامداوە. جەختی کردەوە، گابارد مافی خۆیەتی لەم کاتەدا لە تەنیشت هاوسەرەکەی بێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر. هاوکات ترەمپ رایگەیاند ئارۆن لوکاس، جێگری یەکەمی بەڕێوەبەری هەواڵگری، وەک بەڕێوەبەری بەوەکالەت ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ.
سەرەڕای پاساوە مرۆییەکان، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە رەنگە گابارد لەلایەن کۆشکی سپییەوە "ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە" کرابێت. ئەم گومانانە دوای ئەوە دێن کە ترەمپ پێشتر ئاماژەی بە هەبوونی جیاوازیی دیدگا لەگەڵ گابارد کردبوو، بەتایبەت لە پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
تۆڵسی گابارد لە نامەکەیدا جەختی کردووەتەوە لە هەفتەکانی داهاتوودا کار دەکات بۆ ئەوەی پڕۆسەی رادەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی رێک و پێک بەڕێوە بچێت تاوەکو هیچ بۆشاییەک لە رابەرایەتیکردنی دەزگا هەواڵگرییەکاندا دروست نەبێت.