سیناتۆرێکی ئەمریکی داوا لە ترەمپ دەکات ئەرکەکەی لە ئێران تەواو بکات
رۆجەر ویکەر، سیناتۆری کۆماری و سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، داوای لە دۆناڵد ترەمپ کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران دەستپێبکاتەوە و گوتی، "ئەوەی دەستمان پێکردووە با تەواوی بکەین".
هەینی 22ـی ئایاری 2026، رۆجەر ویکەر، سیناتۆری کۆماری و سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رەخنەی لە ئاراستەکانی ئێستای ئیدارەی ئەمریکا گرت و گوتی، " سەرۆک ترەمپ راوێژی خراپی پێدەدرێت کە پاڵی پێوە دەنێت بەرەو هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران، بەڵام راستییەکە ئەوە دەبێت ئەو ئۆپراسیۆنەی دەستی پێکردووە لە دژی ئێران بەردەوام بێت تاوەکو کۆتایی بە ئەرکەکە دێت".
هەروەها ئەو سیناتۆرە جەختی کردەوە، کاتی ئەوە هاتووە رێگە بە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بدرێت ئەرکەکەیان تەواو بکەن، هاوکات ئاماژەی بە پێویستیی کۆتاییهێنان بە تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئێران و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز کرد، کە بە پێویستییەکی ئەمنی و ستراتیژی دەیزانێت.
ویکەر لە لێدوانەکانیدا گوتی: "سەرۆک ترەمپ هەمیشە ئارەزووی تەواوکردنی ئەو ئەرکەی هەبووە کە لە ئێران دەستی پێکردبوو، بەڵام ئامۆژگاری چەواشەکارانەی پێدەگات بۆ گەڕان بەدوای رێککەوتنێکدا کە شایەنی ئەو مرەکەبەش نییە کە پێی نوسراوەتەوە".
لەکۆتاییدا ئەو سیناتۆرە کۆمارییە هۆشداری دا، بەردەوامبوون لە گەیشتن بە تێگەیشتن لەگەڵ ئێران رەنگە ئاماژەی هەڵە بنێرێت و گوتی: "ئێمە لە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەداین کە میراتی سەرۆک ترەمپ دیاری دەکات؛ هەروەها هەوڵی زیاتر بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران مەترسی دروستکردنی وێنایەکی لاوازی لێدەکەوێتەوە."