ئێران و ئەمریکا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و ترەمپ بەپەلە گەراوەتەوە واشتن

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە تیمی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ واشنتن نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار رایگەیاندووە: "لە هەندێک پرسدا پێشکەوتن بەدەستهاتووە، بەڵام تاوەکو هەموو پرسەکان چارەسەر نەکرێن، هیچ رێککەوتنێک ناکرێت." لە هەمانکاتدا میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ نیوجێرسی هەڵوەشاندەوە و بەپەلە گەڕایەوە بۆ واشنتن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گومان و پێشبینی جۆراوجۆر.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە قۆناخێکی "زۆر ماندووکەر" و تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی راستەقینە بەدی نەکراوە. سەرەڕای ئەوەی رۆژانە رەشنووسی پێشنیازەکان لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەڵام دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە. ئەمەش وای کردووە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بێئومێد ببێت و  پێشنیازی "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کۆتایی" بکات بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگ و راگەیاندنی سەرکەوتن.

دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ چین، سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ لەگەڵ راوێژکارە نزیکەکانی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران. ترەمپ ئاشکرای کرد "دۆسێیەکی تایبەتی بە ناوی ئێران" و چەند بابەتێکی دیکەی هەستیاری لەبەردەستە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن تا ئەم ساتە هیچ بڕیارێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە لەبارەی هێرشی سەربازی نەدراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند؛ سەردانی عاسم مونیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان بۆ تاران، پەیوەندی بە دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتنەوە نییە و بەو مانایە نایەت کە گفتوگۆکان گەیشتبێتنە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، بەشداری لە ئاهەنگی هاوسەرگیری (جۆنیۆر)ی کوڕە گەورەیدا ناکات. ترەمپ هۆکارەکەی بۆ "خۆشەویستی بۆ ئەمریکا و بارودۆخی تایبەتی حکوومەت" گەڕاندەوە و جەختی کردەوە: "بە گرنگی دەزانم لەم قۆناخە هەستیارەدا لە کۆشکی سپی بمێنمەوە و ئەرکەکانم جێبەجێ بکەم."

 لە 28ـی شوباتی 2026، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، تێیدا ژمارەیەک سەرکردەی باڵای ئێران کوژران، لە بەرامبەردا ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دایەو و هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکی ئەمریکە لە ناوچەکە و لە هەمانکاتدا راستەوخۆ گەرووی هورمزی داخست. لە 8ـی نیسانیدا وەک وەڵامێک بۆ ئێران ئەمریکا بەندەرەکانی ئێرانی گەمارۆ داوە و تاران گەرووی هورمزی بە داخراوی هێشتووەتەوە.