لە 5 ساڵدا زیاتر لە 7 ملیار و نیو دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا کراوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەرتی گەشتوگوزاری وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئابووری دەستنیشان کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، وردەکاریی نوێترین پڕۆژە و ئامادەکارییەکانی جەژنی خستە ڕوو.

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، رایگەیاند؛ کەرتی گەشتوگوزار لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا ئەولەویەتی پێدراوە و ئەمەش بە شێوەیەکی پراکتیکی لەسەر زەوی رەنگی داوەتەوە.

گوتیشی "لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 80 پڕۆژەی گەشتیاری بە سەرمایەی 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار ئەنجام دراون."

گوتەبێژی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا لە ساڵی 2023دا، 39 پڕۆژەی نوێی گەشتیاری مۆڵەتیان پێدراوە کە سەرمایەکەیان 345 ملیۆن دۆلارە. ئامانجی ئەم وەبەرهێنانە گەورانە گۆڕینی گەشتوگوزاری هەرێمە بۆ "گەشتوگوزاری بەردەوام" (Sustainable Tourism)، بە جۆرێک کە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا گەشتیار روو لە کوردستان بکات.

دەشڵێت "بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3هەزار بنکە و شوێنی گەشتیاری جۆراوجۆر (هۆتێل، مۆتێل، رێستۆرانت، سەنتەری کات بەسەربردن) هەن، کە بەم شێوەیە دابەش بوون؛ 480 هۆتێل،282 مۆتێل، 44 کۆمەڵگەی گەشتیاری، 20 گوندی گەشتیاری، نزیکەی هەزار رێستۆرانت و خواردنی خێرا، نزیکەی 700 کافتریا هەروەها لەگەڵ 28شاری یاری گەورە".

ئیبراهیم عەبدولمەجید راشیگەیاند "بۆ پشووەکانی جەژن، حکوومەتی هەرێم لەسەر دوو ئاستی حکوومی و تایبەت ئامادەکاریی کردووە. ئاستی حکوومی، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئاسانکاریی هاتنەناوەوەی گەشتیاران لە بازگاکان کراوە. چەندین لیژنە لە 4 پارێزگا و 4 ئیدارەی سەربەخۆ پێکهێنراون و 8 "هێڵی گەرم" (Hotline) بۆ وەڵامدانەوەی سکاڵا و داواکاریی گەشتیاران تەرخان کراون. هەروەها کەرتی تایبەت، هەموو هۆتێل، مۆتێل و رێستۆرانتەکان لە رۆژانی جەژندا کراوە دەبن و لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری."

یەکێک لە کێشە هەمیشەییەکانی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا، بەرزبوونەوەی نرخی کەپر و کابینە و خزمەتگوزارییەکانە. ئیبراهیم عەبدولمەجید لەمبارەیەوە دڵنیایی دا و گوتی "لیژنەکانمان بە وردی چاودێری بازاڕ دەکەن. هەموو بنکەکان پابەند کراون بە هەڵواسینی تابلۆی نرخەکان. هەر شوێنێک نرخ بە نایاسایی بەرز بکاتەوە یان فێڵە گەشتیاران بکات، رێگری لێ دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە."

دەستەی گەشتوگوزار جەخت دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت وێنەیەکی جوانی میواندۆستی نیشانی گەشتیاران بدات و پشوویەکی ئارام و نموونەییان بۆ فەراهەم بکات.