فارس عیسا بۆ کوردستان24: بەڵێنمان پێ دراوە هیچ مووچەیەکی فەرمانبەران نەفەوتێت
بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بەڵێنیان پێ داون، هیچ مووچەیەکی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم نەفەوتێت و هاوکاربن لەگەڵیان.
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق؛ قسەی بۆ شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 کرد.
یەکەمین کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەغدا، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بوو.
فارس عیسا دووپاتی کردەوە، کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و بەرپرسانی دیکەی فیدراڵ، "زۆر باش بوون و بە ڕۆحێکی برایانە بەڕێوەچوون".
لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی نوێنەرایەتییەکە جەختی کردەوە، " بەڵێنمان پێ دراوە، هیچ مووچەیەک نەفەوتێت و هاوکابن لەگەڵمان". باسی لەوەش کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە، نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و بڕیارە تا سبەی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، لە پایتەختی عێراق بمێنێتەوە.
سەرۆکوەزیران تا ئێستا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبووەتەوە و ژمارەیەک کۆبوونەوەی دیکەی گرنگی دەبێت.