بەشیر حەداد: سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا نیشانەی سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستانە

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئاماژەیەکی روونە بۆ سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

شەممە 23ـی ئایاری 2026، بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 گوتی،"لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، قۆناغێکی نوێ لە سیستەمی حکوومڕانی دەستی پێکردووە، راشیگەیاند، یەکێک لە ئامانجە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەدانێکی سەرکەوتووانەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی شەراکەتی راستەقینە، بە شێوەیەک کە تەواوی مافەکانی گەلی کورد وەک لە دەستووردا هاتووە، جێبەجێ بکرێن.

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی، بە داخەوە لە کابینەکانی رابردووی عێراقدا، ئەو هەنگاوە دەستوورییانە وەک پێویست نەنراون، روونیشی کردەوە هەرێمی کوردستان لەسەر سێ بنەمای سەرەکی کار دەکات، کە بریتین لە: دەستوور، رێککەوتنە سیاسییەکان و ئەو پرەنسیپانەی کە پرۆسەی سیاسی عێراقی لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەسەر دامەزراوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵ وەک پێویست وەڵامی ئەم دەسپێشخەرییانەی نەداوەتەوە و هەندێک جار پشتگوێ خراون.

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکان، بەشیر حەداد گوتی: "هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە لەرێگەی گەڕانەوە بۆ دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا لە بەغدا ئیرادەیەکی جددی بۆ ئەم مەبەستە بەدی نەکراوە".

لە کۆتاییدا بەشیر حەداد ئاماژەی بەوە کرد، زنجیرە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە بڕیاربەدەستەکانی بەغدا، دەری دەخات کە هەرێمی کوردستان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیدا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی گونجاو، سەرکەوتوو بووە.