نیویۆرک تایمز: ئێران رازی بووە دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، پابەندبوونی ئێران بە دەستبەرداربوون لە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز، یەکێکە لە گرنگترین مەرجەکانی رێککەوتنی پێشنیازکراو لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هێشتا میکانیزمی رزگاربوون لەو کۆگا ئەتۆمییە یەکلایی نەکراوەتەوە و بڕیارە وردەکارییەکان بۆ خولێکی دیکەی دانوستانەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکە دوابخرێن. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دەرکردنی بەیاننامەیەکی گشتیی لەلایەن ئێرانەوە بۆ دەستبەرداربوون لەو یۆرانیۆمە، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سەرخستنی رێککەوتنەکە، بەتایبەت لەبەر نیگەرانییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە بەرھەڵستیی کۆمارییەکان لە ناو کۆنگرێس.
رۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، ئێران لە سەرەتادا رەتیکردوەتەوە دۆسیەی یۆرانیۆمەکە بخاتە ناو قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکەوە، بەڵام دوای ئەوەی دانوستانکارانی ئەمریکی لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هۆشدارییان داوەتە تاران کە واشنتن لە دانوستانەکان دەکشێتەوە و هێرشی سەربازی دەستپێدەکاتەوە، ئێران ناچار بووە ئەو بەندە قبوڵ بکات.
لە لایەکی دیکەوە، پلانداڕێژەرە سەربازییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا چەند بژاردەیەکیان خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ بۆردومانکردنی بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، کە پێدەچێت زۆربەی یۆرانیۆمەکەی لێ بێت. یەکێک لە بەکارهێنانی بۆمبی قەڵاشکێن بووە بۆ لەناوبردنی کۆگاکان لە ژێر زەویدا، هەروەها بژاردەی ئۆپەراسیۆنی کۆماندۆی هاوبەشی ئەمریکی و ئیسرائیلیش تاوتوێ کراوە، بەڵام ترەمپ بەهۆی مەترسییەکانەوە رەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە نەداوە.
ئێستا ئێران نزیکەی 970 پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60% هەیە. یەکێک لە بژاردە پێشنیازکراوەکانیش گواستنەوەی ئەو بڕەیە بۆ رووسیا، هاوشێوەی رێککەوتنی 2015 یان کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکەی بۆ ئاستێکی نزم.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا، رێککەوتنەکە ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، بەو مەرجەی بەشێکی زۆری بخرێتە سندوقێکی ئاوەدانکردنەوە کە تاران ناتوانێت بە تەواوی دەستی پێ بگات تا گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمەش وەک گەرەنتییەک بۆ بەردەوامبوونی ئێران لە دانوستانەکان.