ئێران هێرشی کردە سەر سێ وڵات
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی، زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سوپای ئەمریکا لە وڵاتانی کوەیت، ئوردن و بەحرەین.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 18ـی تەممووزی 2026، هێرشی چڕ کراوەتە سەر بنکە و ناوەندەکانی پشتیوانی هێزی پیادەی ئەمریکا لە هەریەک لە بنکەکانی "عەریفجان و ناوەندی چاودێریی بنکەی عەلی سالم" لە کوەیت. سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە، زیانێکی زۆریان بەو بنکانە گەیاندووە.
هاوکات سوپای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، لە کوەیت کۆگایەکی چەکیان لە بنکەی عەدیری و چەندین باڵەخانەی سەرکردایەتی و کۆگای چەکیان لە بنکەی عەلی سالم پێکاوە، جگە لە تێکدانی چەندین پردی پەیوەندی و گەیاندن.
لە بەشێکی دیکەی هێرشەکاندا، سوپای ئێران لە رێگەی درۆن تانکەرەکانی سووتەمەنی سوپای ئەمریکای لە بنکەی ئەزرەق لە ناو خاکی ئوردن کردووەتە ئامانج. هەروەها سوپای ئێران رایگەیاندووە، بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکایان لە وڵاتی بەحرەین بە هەمان شێوە بۆردومان کردووە.
سوپای پاسداران لە پەیامێکی تونددا هۆشداری داوەتە ئەو وڵاتانەی میوانداری هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و رایگەیاندووە: "ئەو وڵاتانەی خاکی خۆیان کردووەتە مەیدانێک بۆ دەستدرێژکاری و هێرشکردنە سەر ئێران، دەبێت باجی میوانداریکردنی دەستدرێژکارە ئەمریکییەکان بدەن."
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، سوپای کوەیت لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان چالاک بووە و توانیویەتی هێرشەکان تێکبشکێنێت، ئەو دەنگی تەقینەوانەی بیستراون لە ئەنجامی تێکشکاندنی مووشەکەکان بووە.
لە ئوردن، سوپای ئەو وڵاتە جەختی کردەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان 10 مووشەکی ئێرانییان لە ئاسمانی شانشینەکەدا خستووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێ نەکەوتووەتەوە و بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین، بەهۆی مەترسیی هێرشەکان بۆ سەر بنکە دەریاییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و باری نائاسایی راگەیاند.